ترەمپ لە دژایەتی توندى مالیکییەوە بۆ پشتیوانیی بەهێزى عەلى زەیدى
ئەمریکا بۆچى ئەم پێشوازییە گەرمە و پشتیوانییە زۆرە لە عەلى زەیدى دەکات؟
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا، سێ ڕۆژ دواى بەربژێرکردنى نوورى مالیکى پەیامێکى بڵاوکردەوە و بەربژێرکردنى ڕەتکردەوە، سێ ڕۆژ دواى بەربژێرکردنى عەلى زەیدیش پەیامێکى بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لێکرد و لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیشدا داواى لێکرد دواى پێکهێنانى حکومەت سەردانى واشنتن بکات.
دژایەتییەکانى ئەمریکا بۆ مالیکى
ئیدارەى ئەمریکا بەهەموو شێوەیەک دژایەتیی بەربژێرکردنى نوورى مالیکى کرد و سەرئەنجام، چوارچێوەى هەماهەنگى، لە ڕۆژى 27ـى نیسان بە زۆرینەى دەنگ عەلى زەیدى لە شوێنى نوورى مالیکى بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ بەربژێرکرد.
ئیدارەى ئەمریکا، بەگەرمى لە بابەتى بەربژێرکردنى عەلى زەیدى، هاتووەتە پێشەوە و پشتیوانیی و پێشوازى لێدەکات.
ترەمپ پێشوازیی کرد
ڕۆژى پێنجشەممە، 30ـى نیسان، دۆناڵد ترەمپ، لە پەیامێکدا لە تۆڕى تروس سۆشیال، پێشوازیی لە بەربژێرکردنى عەلى زەیدى کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لە هەوڵەکانى بۆ پێکهێنانى حکومەتێک کە تیرۆرى تێدا نەبێت و بتوانێت داهاتوویەکى گەش بۆ عێراقییەکان بونیاد بنێت.
خواستى ترەمپ
ترەمپ، هیواى خواستووە پەیوەندییەکى نوێ و بەهێز لە نێوان ئەمریکا و عێراق دا بێتە ئاراوە و ببێتە سەرەتایەکى نوێ لە نێوان هەردوو وڵات، کە پڕبێت لە خۆشگوزەرانى و سەرکەوتنى بێوێنە.
پەیوەندیی تەلەفۆنى زەیدى و ترەمپ
هەروەها نووسینگەى عەلى زەیدى بڵاویکردەوە، زەیدى پەیوەندییەکى تەلەفۆنى لە ترەمپەوە پێگەیشتووە و داواى لێکردووە، دواى پێکهێنانى حکومەت سەردانى واشنتن بکات.
تۆم باراک و عەلى زەیدى
لە پەیوەندییەکى دیکەش دا، تۆم باراک، باڵیۆزى ئەمریکا لە تورکیا و نێردەى ترەمپ بۆ سووریا، قسەى لەگەڵ عەلى زەیدى کرد و دواى پیرۆزبایی، تاوتوێى ڕێگەکانى بەهێزکردنى پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و هەماهەنگی لە زۆرێک لە بوارەکان کرد، بە جۆرێک ببێتە هۆى پتەوکردنى هاوبەشى ستراتیجى هەردوو وڵات.
باڵیۆزخانەى ئەمریکا و پاڵپشتییەکانى بۆ زەیدى
باڵیۆزخانەى ئەمریکاش لە 28ـى نیسان لە ڕاگەیێندراوێکدا هیواى سەرکەوتنى بۆ عەلى زەیدى خواست لە هەوڵەکانى بۆ پێکهێنانى حکومەتێک بتوانێت خواستەکانى گەلى عێراق بەدیبهێنێت، پشتیوانیی وڵاتەکەشى بۆ هەوڵەکانى گەلى عێراق دەربڕی، بۆ بەدیهێنانى ئامانجە هاوبەشەکان، لەوانەش؛ پاراستنى سەروەریی عێراق و بەهێزکردنى ئاسایش و وەدەرنانى تیرۆر و بونیادنانى داهاتوویەکى گەش کە سوودى بەرجەستەکراوى بۆ عێراقییەکان و ئەمریکییەکان هەبێت.
حکومەتێکى دوور لە هەژموونى ئێران
ئەمریکا دواى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران، جەختى لە چەند خاڵێک کردووەتەوە بۆ داهاتووى پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق، لەوانەش؛ پێکهێنانى حکومەتێک دوور لە هەژموونى ئێران و گرووپە چەکدارەکان، بەجۆرێک بتوانێت پەرە بە هاوبەشى ستراتیجى لە بوارى ئەمنى و ئابوورى لەگەڵ ئەمریکا بدات.
دیدگاى واشنتن بۆ حکومەتى نوێ
بۆ عەلى زەیدیش لە هەموو پەیوەندى و پیرۆزباییەکان، ئەمریکا بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەمان پەیامى دووپاتکراوەتەوە و جەخت لە چەند خاڵێک کراوەتەوە، کە وەک دیدگا و ستراتیجى واشنتن بۆ حکومەتى نوێ و داهاتووى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت.
ئەمریکا جەختدەکاتەوە لە پێکهێنانى حکومەتێک تیرۆرى تێدا نەبێت و هاوبەشى ستراتیجى نێوان هەردوو وڵات بەهێز بکات و ئامانجە هاوبەشەکانى وەک پاراستنى سەروەریی عێراق و بەهێزکردنى ئاسایش و بونیادنانى داهاتوویەکى گەش کە سوودى بۆ عێراقی و ئەمریکییەکان هەبێت.
ئاڵنگارییەکانى بەردەم عەلى زەیدى
پەیامەکانى پشتیوانیی ئەمریکا بۆ عەلى زەیدى، لەم دۆخەدا کە ناوچەکە لە ململانێیەکى تونددایە، ئاڵنگارییەکى سەخت و پڕئاڵۆزییە و دەبێت کارى گەورە بکات بۆ ڕاگرتنى هاوسەنگى و ڕەچاوکردنى بەرژەوەندى هێزە هەرێمییەکان.
عەلى زەیدى ڕیسک دەکات؟
عەلى زەیدى کە هیچ پاشخانێکى سیاسى و خاوەن پێگەیەکى بەهێزى جەماوەریی نییە و لە ئەنجامى ڕێکنەکەوتنى ڕکابەرەکان دا هێنراوەتە پێشەوە، ناتوانێت ڕیسکى گەورە بکات و لەدەرەوەى خواستى سەرکردەکانى شیعە هەنگاو بنێت.
عەلى زەیدى سەرکردەى قۆناغەکە یان کارتى بەڕێکردن
عەلى زەیدى، لە ڕووکەشدا پشتیوانیی زۆرى ناوخۆیی و دەرەکى هەیە، بەڵام ئەوەى لە پەنهاندایە، زەحمەت و پڕ ئاڵۆزییە، دەبێت تاوەکو کۆتاییهاتنى ماوەى دەستووری بۆ پێکهێنانى حکومەت چاوەڕێ بکەین، بزانین زەیدى سەرکردەى قۆناغەکەیە، یاخود کارتى بەڕێکردنى ڕۆژەکان بووە.
01/05/2026