
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا پشتیوانیی تەواوەتى لە زەیدى دەکات، ئەم پشتیوانییەش ڕەنگدانەوەکانى لەسەر سیاسەتى ئەمریکا بەرامبەر عێراق دەرکەوتوون.
دواى دوو ڕۆژ لە پەیوەندى ترەمپ و زەیدى، ئەمریکا 500 ملیۆن دۆلارى داهاتى نەوتى بۆ عێراق ناردەوە، کە مانگى ڕابردوو لەچوارچێوەى سیاسەتەکانی فشارخستنەسەر حکومەتى عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەى گرووپە چەکدارەکان ڕایگرتبوو.
نەبیل مەرسوومى شارەزاى ئابووریى عێراق ئاشکرایکردووە، عێراق مانگانە بە دوو گوژمە نزیکەى یەک ملیار دۆلارى داهاتى نەوتى لە ئەمریکاوە بۆ دەگەڕێتەوە. ئاماژەى بەوەشکردووە، گەیشتنى نەختینەى دۆلار دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى بەهاى دینار لەم هەفتەیەدا.
هاوکات چاوەڕوان دەکرێت، ئەمریکا پێداچوونەوە بە بڕیارى ڕاگرتنى پارەدارکردنى پرۆگرامى هەماهەنگى ئەمنیى لەگەڵ عێراق بکات کە مانگى ڕابردوو وەک فشارێک بۆ هەڵوەشاندنەوەى گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە ئێران دەریکردووە.
ئێرانیش، بە پەیامێکى عەباس عێراقچى وەزیرى دەرەوەى، پێشوازى لە ڕاسپاردنى عەلى زەیدى کردووە بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت. عێراقچى دووپاتیکردووەتەوە، ئێران ڕێز لە سەروەریی عێراق دەگرێت و پشتیوانیی لە سەقامگیریی سیاسى و گەشەپێدان و بەهێزکردنى هەماهەنگییەکان دەکات.
پێشوازییە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان لە عەلى زەیدى دەرفەتێکن بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى عێراق بەتایبەت لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانى دراوسێ، ئەوەش ڕۆڵى دەبێت لە پاڵپشتى ئابووریی و چارەسەرکردنى کێشەکانى عێراق لە پێش هەموویانەوە ئاو و ووزە و ئاسایش.
