جەلادەکەی نوگرە سەلمان لەبەردەم دادگادا؛ ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی کەسوکاری ئەنفالکراوان عەجاج تکریتی دادگایی دەکرێت

حەجاج ئەحمەد حەردان، ناسراو بە حەجاجى نوگرەسەلمان
حەجاج ئەحمەد حەردان، ناسراو بە حەجاجى نوگرەسەلمان

پڕۆسەی دادگاییکردنی یەکێک لە "جەلادە" هەرە ناسراوەکانی زیندانی نوگرە سەلمان لە بەغداد دەست پێ دەکات و زیاتر لە 200 سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار کراوە.

دەستپێکردنی دادگاییەکە

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتژمێر 9ـی سەرلەبەیانی، دادگاییکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی، کە بە "جەلادەکەی زیندانی نوگرە سەلمان" ناسراوە، لە شاری بەغداد بەڕێوە بچێت. پڕۆسەکە بە ئامادەبوونی کەسوکاری ئەنفالکراوانی کورد دەبێت کە بە مەبەستی بەشداریکردن لەو پڕۆسەیە چوونەتە پایتەختی عێراق.

تۆمەتەکان و مێژووی عەجاج

عەجاج ئەحمەد لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاودا بەرپرسی ئەشکەنجەدان و ئەنفالکردنی هەزاران ژن و منداڵی کورد بووە لە زیندانی نوگرە سەلمان. بەهۆی کارەکانیەوە، سەدان منداڵ، ئافرەت و پیاوی کورد لە باشووری عێراق شەهید کراون و زیندەبەچاڵ کراون. ناوبراو ساڵی ڕابردوو لە لایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە دەستگیر کرا.

سکاڵا تۆمارکراوەکان

بەگوێرەی ئامارەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوان، زیاتر لە 200 سکاڵای یاسایی لە دژی عەجاج ئەحمەد تۆمار کراوە. هەروەها بڕیارە لە یەکەم دانیشتنی دادگادا نزیکەی 50 کەس لەو کەسانەی سکاڵایان هەیە، وەک شایەتحاڵ و لایەنی سکاڵاکار ئامادەی دانیشتنەکە بن.

ناوی لە لیستی داواکراوەکانی ئەمریکادا بوو

عەجاج یەکێک بوو لەو 56 کەسەی کە دوای ساڵی 2003 لە ناو لیستی داواکراوەکانی ئەمریکادا بوو. ناوی هاوشانی سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجید و سەرکردە باڵاکانی ڕژێمی پێشوو دەهات. ئێستا کەیسەکەی لە ژێر دەستی دادگای باڵای تاوانەکاندایە و پێشبینی دەکرێت پڕۆسەی دادگاییکردنەکەی بە شێوەیەکی ئاشکرا بەڕێوە بچێت.