لە نوگرە سەلمانەوە بۆ قەفەسی دادگا؛ عەجاج تکریتی چۆن دانی بە تاوانەکانیدا نا؟

کەناڵ8 07/05/2026

پارێزەری دۆسیەی دادگاییکردنی "جەلادەکەی نوگرە سەلمان" ئاشکرای دەکات کە تۆمەتبار دانی بە ئەنجامدانی تاوانە گەورەکاندا ناوە و ئەمڕۆش یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لە بەغدا بەڕێوە دەچێت.

پێکهاتەی دادگا و ژمارەی سکاڵاکان

ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی دادگاییکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە تۆمەتبار لە دادگای باڵای تاوانەکان لە بەغدا دادگایی دەکرێت. ئاماژەی بەوە کرد کە دەستەیەکی دادوەری لە 5 دادوەر، 3 داواکاری گشتی و 2 پارێزەر پێکدێن. تاوەکو ئێستا 223 سکاڵای یاسایی لەسەر ئەم دۆسیەیە وەرگیراون و بڕیارە 25 سکاڵاکار لە دانیشتنەکەدا ئامادە بن.

دانپێدانان بە تاوانەکان

پارێزەری دۆسیەکە ئاشکرای کرد کە عەجاجی بەڕێوەبەری پێشووی زیندانی نوگرە سەلمان، بە فەرمی دانی بە تاوانەکانیدا ناوە. تاوانەکانی بریتین لە ئەشکەنجەدان، برسیکردن، دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و چەندین تاوانی جەنگیی دیکە بەرامبەر بە کوردانی ئەنفالکراو.

وربینی لە دۆسیەکەدا

ئەیاد کاکەیی ڕوونیکردەوە کە وردبینی تەواوەتی لە دۆسیەی عەجاجدا کراوە. بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار دانی بە تاوانەکانیدا ناوە، پڕۆسەی دادگاییکردنەکە ئاسانتر دەبێت و دادگا تەنیا پێویستی بەوە دەبێت گوێ لە وتەی ژمارەیەک لە سکاڵاکاران بگرێت پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات.

ئامادەبوونی نوێنەری قوربانییان

پارێزەرەکە جەختی لە گرنگیی ئامادەبوونی نوێنەری قوربانییانی چەمچەماڵ، دووبز، گەرمیان، کۆیە و هەڵەبجە کردەوە لە دانیشتنی ئەمڕۆدا. پێشتر لە سلێمانی، کەلار و چەمچەماڵ وتەی سکاڵاکاران و شایەتحاڵەکان لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەرگیراوە و خراوەتە ناو دۆسیەکەوە.

مێژووی دەستگیرکردنی تۆمەتبار

دەزگای هەواڵگریی عێراق لە 31ـی تەمموزی 2025 دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردانی ڕاگەیاند. ڕزگاربووانی شاڵاوەکانی ئەنفال ناوبراو بە یەکێک لە بکوژ و ئەشکەنجەدەرە سەرەکییەکانی قەڵای نوگرە سەلمان دادەنێن کە ڕۆڵێکی گەورەی لە لەناوبردنی هاوڵاتییانی کورددا هەبووە.

کەناڵ8

07/05/2026