
نوگرەسەلمان؛ ئەو قەڵا بیابانییەی لە سەردەمی بەعسدا بوو بە مەرگستانى کورد و گەواهیدەری یەکێک لە دڕندەترین تاوانەکانی جینۆسایدە لە مێژووی هاوچەرخی ناوچەکەدا.
قەڵای نوگرەسەلمان، لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئینگلیزەوە لەسەر ڕووبەرێکی فراوان دروستکراوە. ئەم گرتووخانەیە دەکەوێتە پارێزگای موسەننا، قەزای سەماوە، ناحیەی سەلمان، کە ناوچەیەکی بیابانیی نێوان عێراق و سعوودیەیە. لە سەرەتای دروستبوونییەوە لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانی، بۆ دوورخستنەوەی چالاکانی سیاسی و تاوانباران بەکارهێنراوە.
لەکاتی هاتنەسەر حوکمی حیزبی بەعس، ئەم قەڵایە کرا بە شوێنی کۆکردنەوە و لەناوبردنی کوردانی ئەنفالکراو. بەپێی گوتەی ڕزگاربووەکان، ڕۆژانە زیندانییەکان لەژێر ئەشکەنجەی پاسەوانەکان دا بوون و ڕووبەڕووی برسێتی و تینوێتییەکی توند بوونەتەوە. زۆرجار پاسەوانەکان بە ئەنقەست ژەمەخواردنی ئەنفالکراوانیان ژەهراوی کردووە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە منداڵ و کەسانی بەتەمەن.
یەکێک لە بەناوبانگترین جەلادەکانی ناو گرتووخانەکە ناوی عەجاج بووە، کە وەک سەرپەرشتیاری ئەو مەرگستانە ناسراوە. لەژێر دەستی ئەودا دەیان کەس گیانیان سپاردووە. بەگوێرەی گەواهیدەرەکان، عەجاج فەرمانی داوە تەرمی ئەو منداڵانەی لەبرسان یان لە تینوێتیدا دەمردن، فڕێ بدرێنە بەر سەگە ڕەشەکانی بیابان. زۆربەی ئەوانەی لەوێ مردوون یان کراون بە خۆراکی ئاژەڵە دڕندەکان، یان لە کەمترین حاڵەت دا لەژێر لمی بیابانەکەدا نێژراون.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکانی حیزبی بەعس، زیاتر لە 9000 ئەنفالکراو لەم گرتووخانەیەدا بەندکراون کە زۆرینەیان منداڵ و کەسانی بەتەمەن بوون. یەکێک لەو ئەنفالکراوانەی پاش لێبوردنە گشتییەکەی 6ی ئەیلوولی 1988 لە گرتووخانەکە ڕزگاری بووە، ئاماژە بەوە دەکات "لەسەر دیواری گرتووخانەکە نووسرابوو "بەخێربێن بۆ دۆزەخ". ئەوانەی لەناو قەڵاکەش ڕزگاریان دەبوو، دەربازبوونیان لە بیابانە وشکەکەی دەوروبەری ئەستەم بووە".
ئەمڕۆ نوگرەسەلمان وەک برینێکی ساڕێژنەبوو ماوەتەوە و سەدان گۆڕی بەکۆمەڵ لە دەوروبەری قەڵاکەدا هەن کە هێشتا هەڵنەدراونەتەوە. سەرەڕای ئەوەی ئەم قەڵایە گەواهیدەری جینۆسایدێکی گەورەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەک پێویست نەکراوەتە مۆزەخانەیەک بۆ ئەوەی چیرۆکی ئەو باجەی کورد لەو بیابانەدا داویەتی بۆ جیهان و نەوەکانی داهاتوو بگێڕدرێتەوە.



