
دامەزراوەی پەی هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسییەکان و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر بە زوویی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێنەکەنەوە، پەنا بۆ ڕێکاری یاسایی لە بەغداد دەبەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان یاداشتێکی ناڕەزایەتییان بە واژۆی زیاتر لە 200 کەسایەتی، ڕۆژنامەنووس، چالاکوان و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی خوێندەوە. یاداشتەکە دژی دەستپێنەکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستانە و ئاڕاستەی ڕایگشتی، لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی چاودێری هەڵبژاردن، مافی مرۆڤ و نوێنەرایەتی وڵاتان کراوە.
سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بە دەم یاداشتەکەیانەوە نەیەن و پەرلەمان کۆبوونەوەکانی دەستپێنەکاتەوە، ئەوا قۆناغی دووەمی ڕێکارەکانیان دەستپێدەکەن. ڕوونیشیکردەوە کە قۆناغی دووەم بریتی دەبێت لە تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دادگای فیدراڵیی عێراق بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.
ئەم هەڵوێستەی دامەزراوەکە وەک فشارێکە بۆ سەر لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن تاوەکو کۆتایی بە چەقبەستوویی سیاسی بهێنن. جەخت لەوە کراوەتەوە کە پەککەوتنی پەرلەمان کاریگەری نەرێنی لەسەر پڕۆسەی دیموکراسی و چاودێریکردنی حکومەت هەیە، بۆیە داوا دەکەن بەبێ دواکەوتن دانیشتنەکان دەستپێبکەنەوە بۆ ئەوەی دامەزراوەی تەشریعی ئەرکە یاساییەکانی خۆی جێبەجێ بکات.





