
ئەمڕۆ قۆناغى یەکەمى تێکەڵبوونی هێزەکانی یەبەشە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەستپێدەکات.
تێیدا دوو هەزار و 500 ئەندامى یەبەشە لە شنگال دەچنە ناو هێزە ئەمنییەکانى عێراقەوە.
هادی ئالیاس، گوتەبێژى هێزەکانى یەبەشە لە شنگال بە کەناڵ8ى ڕاگەیاند، لە قۆناغى دووەمى پرۆسەکەدا هەزار و 700 ئەندامى هێزەکانى یەبەشە لە شنگال دەچنە ناو هێزە ئەمنییەکانى عێراقەوە و کۆى گشتى ئەو ئەندامانەى یەبەشە کە دەچنە ناو سوپاى عێراقەوە ژمارەیان چوار هەزار و 200 کەسە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، لە پرۆسەى تێکەڵبوونى هێزەکانى یەبەشە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانى عێراق، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەشدار نییە.
ڕۆژى 24ى تشرینى یەکەمى 2026، شاندێکی سەربازیی حکومەتی عێراق سەردانی چیای شنگالی کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ هێزەکانى یەبەشە ئەنجامدا، بڕیاریشە دواى تێکەڵبوونى هێزەکان هێزە ئەمنیەکانى عێراق لە بنکە و بارەگا و ئەو شوێنانەى کە هێزەکانى یەبەشەى لێبوو جێگیربکرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە، ڕۆژی 30ـی ئەیلوولی ڕابردوو، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە پەیامێکی ئاڕاستەی یەبەشە کرد و داوای لێکردن تێكەڵی سوپای عێراق ببن.
ڕۆژی 11ـی ئەیلوولیش، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی هاوپەیمانیی دۆزی ئێزدی کۆبوونەوە و لەپاش کۆبوونەوەکە زەیدی ڕایگەیاند، گرووپەکانی بەرگری لە شنگال چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت دەکەن و مافی چەکدارانی یەکینەکانی پاراستنی شنگال و یەکینەکانی ژنان بەپێی یاسا دەپارێزرێت.



