دوای 40 ساڵ چاوەڕوانی؛ سبەی دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر عەجاج دەدات

عەجاج ئەحمەد حەردان، ناسراو بە عەجاجى نوگرەسەلمان لە کاتی دادگایکردندا
عەجاج ئەحمەد حەردان، ناسراو بە عەجاجى نوگرەسەلمان لە کاتی دادگایکردندا

سبەی پێنجشەممە، دادگەی تێهەڵچوونەوەی رەسافە لە بەغداد، بڕیاری کۆتایی لەبارەی "عەجاج تکریتی" دەردەکات کە بە دڕندەترین تاوانباری مێژووی ئەنفال و زیندانی نوگرە سەلمان دەناسرێت.

ڕۆژێکی مێژوویی بۆ قوربانیان

دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، سبەی پێنجشەممە، دادگەی رەسافە دانیشتنی یەکلاکەرەوەی دۆسیەی عەجاج تکریتی بەڕێوەدەبات. ئەم دانیشتنە لەکاتێکدایە کە کەسوکاری ئەنفالکراوان، نوێنەرانی وەزارەتی شەهیدان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە چاوەڕوانییەکی زۆرەوە چاوەڕێی دادپەروەری دەکەن.

شاھێدی لەسەر تاوانەکانی

لە دانیشتنی پێشووتری دادگادا کە لە 7ـی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، 26 شایەتحاڵ و کەسوکاری ئەنفالکراوان لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە، وردەکاریی ئەو تاوان و ئازارانەیان گێڕایەوە کە عەجاج تکریتی لە قەڵای "نوگرە سەلمان" بەرامبەر بە کوردانی ئەنجامیدابوو. ئەوان بە سوێندی یاسایی، رووداوە تراژیدییەکانی ئەو سەردەمەیان بیرهێنایەوە.

تۆمەتبارێک بە دڕندەیی

عەجاج تکریتی، کە لە 31ـی تەممووزی 2025 دەستگیرکرا، لە مێژووی کورددا بە یەکێک لە دیارترین "جەللادەکانی ئەنفال" دەناسرێت. ناوبراو بە دڕندەیی بەرامبەر بە زیندانیکراوان ناوبانگی دەرکردووە و ئێستا دوای چوار دەیە بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا، شەقامی کوردستان چاوەڕێی سزایەکی دادپەروەرانەیە بۆ ئەو تاوانبارە.

چاوەڕوانییەکان بۆ بڕیاری دادگە

ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر بەغدادە؛ کەسوکاری ئەنفالکراوان دەیانەوێت بزانن ئایا دادگەی رەسافە توانیویەتی بەپێی قەبارەی ئەو تاوانانەی کراون، سزایەکی گونجاو بەسەر ئەم جەللادەدا بسەپێنێت، یان دۆسیەکە وەڵامی داخوازییەکانیان دەداتەوە؟