عەجاج یان حەجاج؟ گومان لە ناسنامەی جەلادەکەی نوگرەسەلمان دەکرێت و سروە محەمەد وەڵام دەداتەوە
ئەمڕۆ 14ـی ئایاری 2026، دادگایی عەجاج تکریتی لە بەغداد بەردەوامە و پەرلەمانتارێکی یەکێتیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەگوێرەی بەڵگەکان و دانپێدانانەکان، تۆمەتبارەکە هەمان ئەو کەسەیە کە تاوانەکەی ئەنجامداوە.
ئامادەبوونی کەسوکاری ئەنفالکراوان
بەرزان مەلا ئەمین، پەیامنێری کەناڵ8 لە بەغداد ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بەشێک لە سکاڵاکار و کەسوکاری ئەنفالکراوان بە جلی کوردییەوە لە هۆڵی دادگە ئامادەن. لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، دادگە گوێ لە وەڵامەکانی "عەجاج" دەگرێت بۆ ئەو تۆمەتانەی لەلایەن سکاڵاکارانەوە ڕووبەڕووی کراوەتەوە.
شایەتیی قوربانییان و شێوازی تاوانەکان
لە دانیشتنەکانی پێشووی دادگەکەدا، گوێ لە گوتەی 27 کەس وەک شایەتحاڵ و سکاڵاکار گیراوە. لە نێو سکاڵاکاران دا ژنانی بەتەمەن هەبوون کە باسیان لە دەستگیرکردنی کەسوکاریان و ئەنجامدانی تاوانی دەستدرێژیی سێکسی کردووە لەلایەن تۆمەتبارەکەوە.
تانەی پارێزەر لە دانپێدانانەکان
پارێزەری تۆمەتبار (عەجاج) بە پەیامنێری کەناڵ 8ـی ڕاگەیاندووە، ئەو دانپێدانانانەی پێشتر بریکارەکەی کردوویەتی و تێیدا دانی بە بەشێک لە تاوانەکاندا ناوە، لەوانەیە "لە ژێر فشاردا" بووبێت، بەوەش هەوڵ دەدات گومان بخاتە سەر گوتەکانی پێشووی تۆمەتبارەکە.
کێشەی شوناس و وێنە کۆنەکان
سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی یەکێتی، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی دەڵێن ئەم کەسە هەمان ئەو "عەجاج"ە نییە کە لە وێنە کۆنەکان دا مارێکی بە دەمەوەیە، ڕایگەیاند: "لە هەندێک میدیاوە ئەو دەنگۆیانە بڵاوبوونەتەوە، بەڵام بەگوێرەی بەڵگەکان و دانپێدانانەکانی خۆی کە چووەتەوە نوگرە سەلمان و شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی نیشان داوە، دڵنیان کە هەر خۆیەتی، بەڵام ئەوەى لە وێنەکەدا دەردەکەوێت و مارێک بە دەمییەوەیەتى، ئەم عەجاجە نییە و ناوى حەجاجە و ئەویش تۆمەتبارێکى دیکەى نوگرە سەلمانە".
هەڵوێستی فراکسیۆنی یەکێتی
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد، وەک فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تەواوی ئەندامەکانیانەوە بەشداری لە دانیشتنی دادگاییەکەدا دەکەن. داواشی لە ڕاگەیاندنەکان کرد بە وردی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەن، چونکە شایەتەکان لە دانیشتنی پێشوودا بەڵگەی زۆر باشیان پێشکەش کردووە و هیواداریشە ئەمڕۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان بەڵگەی زیاتر بخەنە ڕوو.
14/05/2026