
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە فەرمی ڕایگەیاند کە سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانبار (عەجاج ئەحمەد حەردان) دەرچووە، کە بەهۆی دڕندەییەکەیەوە بە "جەلادەکەی ئەنفال" ناسراوە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت، کە بەڵگەی پێویست لەسەر تێوەگلانی ناوبراو لە کۆمەڵکوژییەکاندا سەلمێنراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەم سزایە لەسەر بنەمای بڕگەی ماددەکانی (11، 12، 15، و 24) لە یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، ژمارە 12ی ساڵی 2005 دەرچوواندووە. ئەم ماددە یاساییانە تایبەتن بەو تاوانە نێودەوڵەتییانە، کە پەیوەستن بە کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.
لە هەژماری فەرمیی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا جەخت کراوەتەوە، کە بڕیاری لەسێدارەدانی عەجاج ئەحمەد حەردان، دوای ئەوە دراوە، کە تاوانبارکردنی بە کردەی کۆمەڵکوژی دژی گیراوان چەسپێنراوە. ئەم تاوانانە لەناو زیندانی نوگرە سەلمان و لە چوارچێوەی شاڵاوەکانی ئەنفالی ساڵی 1988دا ئەنجام دراون.
دادگا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ناوبراو لە کاتی پرۆسەی ئەنفالدا، سیاسەتێکی وەحشیگەرییانەی بەرامبەر ئەو هاونیشتمانییە سڤیلانە بەکارهێناوە، کە لەو زیندانەدا دەستبەسەر بوون، بێ ئەوەی ڕەچاوی تەمەن یان ڕەگەزیان بکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دادگا، تاوانبار عەجاج پەنای بردووەتە بەر ئەشکەنجەدان و برسییکردنی هاونیشتمانییان. تاوانەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە ژن، منداڵ و کەسانی بەتەمەنی تا کاتی گیانلەدەستدانیان برسی کردووە و دواتر لە گۆڕی بەکۆمەڵدا ناشتوونی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە جگە لە ئەشکەنجە، تاوانبار هەستاوە بە زەلیلکردن و بێسەروشوێنکردنی گیراوان. ئاماری ئەو قوربانییانەی کە بەدەستی ئەم تاوانبارە بوونەتە قوربانی، دەگاتە (1068) کەس.
ئەنفال زنجیرە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ڕژێمی بەعسی عێراق بوو لە ساڵی 1988، کە ئامانجی سڕینەوەی گەلی کورد و وێرانکردنی ژێرخانی کوردستان بوو. ئەم پڕۆسەیە لە هەشت قۆناغی جیاوازدا ئەنجام درا و بووە هۆی شەهید و بێسەروشوێنکردنی زیاتر لە 182 هەزار هاونیشتمانیی کورد و وێرانکردنی نزیکەی 4500 گوند. ناوی ئەنفال لە سوورەتێکی قورئانی پیرۆز وەرگیراوە و ڕژێم وەک سەرپۆشێکی ئایینی بۆ شەرعیەتدان بە تاوانەکانی بەکاریهێنا.
نوگرە سەلمان قەڵایەکی سەربازیی کۆنە، دەکەوێتە قووڵایی بیابانی پارێزگای سەماوە لە باشووری عێراق. لە کاتی ئەنفالدا، ئەم شوێنە کرا بە یەکێک لە گەورەترین و ترسناکترین کەمپەکانی کۆکردنەوە و زیندانیکردنی کوردە ئەنفالکراوەکان (بەتایبەت خەڵکی ناوچەی گەرمیان). نوگرە سەلمان بەوە ناسراوە، کە شوێنی مەرگی هێواش بووە؛ هەزاران منداڵ، ژن و پیر بەهۆی برسییەتی، تێنوێتی، گەرمای بیابان و نەخۆشیی گواستراوەوە لەوێدا گیانیان سپاردووە. زۆرێک لە قوربانییەکان لە گۆڕی بەکۆمەڵ و لە دەوروبەری قەڵاکەدا نێژراون و تا ئێستاش وەک برینێکی قووڵ لە یادەوەریی نەتەوەیی کورددا ماوەتەوە.



