سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت هەوڵێکی جدی هەیە بۆ ئەوەی تاوەکو 25ی ئەیلوول تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە بخرێنە ژێر چەتری حکومەت.
عیسا عوزێر، سوپاسالاری وەزارتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە وەزارەتی پێشمەرگەوە هەوڵێکی جدی هەیە تاوەکو 25ی ئەیلوول تەواوی هێزەکان بخرێنە ژێر چەتری حکومەتەوە و گەشبینی خۆشی دەربڕی کە تاوەکو ئەو وادەیە پرۆسەکە کۆتایی بێت.
سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە هۆکاری خاوی پرۆسەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە وردەکاریی زۆری تێدایە و پێویستی بە کاتێکی گونجاو هەیە. جەختی لەوەش کردەوە کە هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزانە و دووبارە ڕێکخستنەوەیان لە چوارچێوەی وەزارەتدا کارێکی کاتکێشە و پێویستی بە ڕێکاری ورد هەیە.
سەبارەت بە ئاستی بەرەوپێشچوونی کارەکان، عیسا عوزێر ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا 8 فیرقە پێکهێنراوە و لە ئێستادا چاوەڕوانی لیستی ناوی فیرقەی 10 دەکەن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، فەرماندەی دەڤەری 1 هاتووەتە ناو وەزارەتی پێشمەرگەوە و فەرماندەی دەڤەری 2یش لە ناو ڕێکارەکاندایە بۆ ئەوەی بخرێتە سەر وەزارەت.
