کۆنگرێسی ئەمريکا داوا دەکات هاوکارييەکانی پێشمەرگە لە بودجەی 2027ی ئەمريکادا بەردەوامبێت

کۆنگرێشی ئەمریکا لە کاتی کۆبوونەوەدا
کۆنگرێشی ئەمریکا لە کاتی کۆبوونەوەدا

لە دانيشتنی کۆنگرێسی ئەمريکادا بەشێک لە کۆنگرێسمانەکان داوايانکرد هاوکارييەکانی وڵاتەکە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە بودجەی بەرگری ئەمريکا بۆ ساڵی 2027 بەردەوامبێت، لەکاتێکدا بڕيارە ئەو هاوکارييانە ببڕێت.

گفتوگۆ لەسەر چالاکییەکانی سەربازییەکان

دانيشتنەکە شەوی ڕابردوو، بە ئامادەبوونی دانيال زيمەرمان یاریدەدەری وەزیری جەنگی ئەمريکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبەردەم ليژنەی هێزە چەکدارەکانی کۆنگرێسدا بەڕێوەچوو، کە سەبارەت بە سیاسەت و بەرنامە و چالاکییە سەربازیيەکانی وەزارەتەکە بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا.

داوای بەردەوامبوونی هاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە

یاریدەدەری وەزیری جەنگی ئەمريکا لە وەڵامی پرسياری مارک تێرنەر، کۆنگرێسمانی کۆمارييەکاندا سەبارەت بە هاوکارييەکانی واشنتن بۆ هاوپەيمانە کوردەکان گوتی، پێشوازی لەو پاڵپشتییە دەکەین کە کۆنگرێس پێشکەشی کردووە بۆ بەردەوامبوون لە هاوبەشی لەگەڵ کوردەکان.

پێشزانین بۆ کورد

گوتيشی "پێزانينی زۆرمان هەیە بۆ هاوبەشە کوردەکانمان، سەخت دەبێت بۆ ئەمريکا هاوبەشێکی ئامادەتر و بەتواناتر لە کورد بدۆزێتەوە".

زيمەرمان باسی لە ئۆپراسيۆنەکەی ئەمدواييەی ئەمريکا بۆسەر ئێران کرد و گوتی، لەکاتێکدا گرووپە چەکدارەکانی عێراق مەترسين بۆ سەر ئەمريکا، لەو دۆخەدا هاوبەشە کوردەکان لە ناوچەکە يارمەتيدەرن بۆ واشنتن.

پێشنيازەکەی کۆنگرێس لەکاتێکدايە بڕيارە لە بودجەی بەرگری ئەمريکا بۆ ساڵی 2027 هاوکارييەکانی پێشمەرگە ببڕێت، ئەو هاوکارييەی لە بودجەکەدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش تەرخانکراوە بۆ ڕاهێنان و کەرەستەی سەربازی دەدرێت بە بەغداد، ئەو بڕەشی دياريکراوە 118.9 مليۆن دۆلارە، لەبەرامبەردا هيچ هاوکارييەک نادرێت بە کورد.

ئەوەش لەکاتێکدايە لە بودجەی بەرگری ئەمريکا بۆ ساڵی 2026 بڕی 61 مليۆن دۆلار بۆ مەشق و پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان تەرخانکرابوو، بەڵام بودجە نوێيەکە ئەو هاوکارييە ناهێڵێت.