دەقی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە بارەی لە سێدارەدانی عەجاجەوە
ڕۆژی 14ی ئەم مانگە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق سزای لە سێدارەدانی بۆ عەجاج ئەحمەد حەردان زوعیتەر ئەلعوبەێدی، تاوانباری ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی قوربانیانی شاڵاوەکانی ئەنفال دەکرد.
١- حوکمدرانی تاوانبار (عەجاج ئەحمەد حەردان زوعیتە
کۆماری عێراق
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری
سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغداد/ ڕەسافە
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق
ژمارەی داوا: ٤/ج/٢٠٢٦
ڕێکەوت: ١٤ / ٥ / ٢٠٢٦
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە ڕێکەوتی ١٤ / ٥ / ٢٠٢٦ بە سەرۆکایەتی دادوەر بەڕێز سەعد خەزعەل و ئەندامێتی دادوەران بەڕێزان: عەلی کەمال جابر، محەممەد عەبدولڕەزا حەتاب، فیراس مەحموود ئیسماعیل، و باسم ساڵح مەحموود کە ڕێپێدراون بە دادوەری بە ناوی گەلەوە، کۆبووەوە و بڕیارەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە دەرکرد:
تاوانبار / عەجاج ئەحمەد حەردان زوعیتەر ئەلعوبەێدی / بریکارەکەی پارێزەر شوهد مەحموود عەباس
١- حوکمدرانی تاوانبار (عەجاج ئەحمەد حەردان زوعیتەر ئەلعوبەێدی) بە لەسێدارەدان تا مردن بەپێی ماددەکانی (١١/ یەکەم/ أ، ب، ج و ١٢/ یەکەم/ أ، ب، ج، د، هـ، ز، ح، ط، ي و دووەم ن/ أ، ب، ج، د، هـ، ز و ١٥/ یەکەم/ أ، ب، ج، د، هـ، ز، ح، ط، ي و ٢٤/ یەکەم، دووەم، چوارەم و پێنجەم) لە یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٠٥، و بەپێی ماددەکانی (٤٢١/ ب، ج، د، هـ، و ٤٢٢ و ٤٢٣ و ٤٢٤) لە یاسای سزادانی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩، و بەپێی ماددەکانی بەشداریکردن (٤٧ و ٤٨ و ٤٩) لە هەمان یاسا، سەبارەت بە تاوانی جینۆساید (کۆمەڵکوژی) و تاوان دژی مرۆڤایەتی لە ڕێگەی کوشتنی دەستبەسەرکراوان بەهۆی برسیکردن و تینوو کردن و ئەشکەنجەدان تا مردن و ناشتنیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا، و شکاندنى شکۆى دەستبەسەرکراوان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی کەسوکاریان و دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی دەستبەسەرکراو لە ناوچەی (نوگرەسەلمان)، کە کۆی گشتی ژمارەیان (١,٠٦٨) کەس بووە، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی تاوانکاریی ڕێکخراو و سیستماتیک کە هاوڵاتییانی کوردی ڕزگاربووی پڕۆسەکانی ئەنفال و دەستبەسەرکراوانی کردبووە ئامانج، بۆ هەژمارکردنی ماوەی دەستبەسەرکردنی لە ٢٠ / ٧ / ٢٠٢٥ تاوەکو ١٣ / ٥ / ٢٠٢٦.
٢- دادگا بە تاوانبارەکەی ڕاگەیاند کە بەڵگەنامەکانی داواکە بە شێوەیەکی خۆکارانە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی (تەمییز)ی فیدراڵی دەکرێن بۆ ئەنجامدانی وردبینی پێداچوونەوە لە ماوەی دە ڕۆژدا لە ڕێکەوتی دەرچوونی حوکمەکەوە، هەروەها خۆی یان بریکارەکەی مافی تانەدانیان هەیە لە حوکمە دەرچووەکە لەبەردەم دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی لە ماوەی سی ڕۆژدا کە لە ڕۆژی دوای دەرچوونی حوکمەکەوە دەستپێدەکات، ئەمەش بەپێی حوکمەکانی ماددەکانی ٢٢٤/د و ٢٥٤/أ لە یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی.
٣- پاراستنی مافی سکاڵاکاران و داواکارانی مافی کەسی لە داواکردنی قەرەبوو لەبەردەم دادگا مەدەنییەکاندا دوای ئەوەی حوکمەکە پلەی کۆتایی وەردەگرێت.
حوکمەکە بە کۆدەنگ دەرکرا بەپێی حوکمەکانی ماددەی ١٨٢/أ لە یاسای بنەماکانی دادگاییکردنە سزاییەکان و حوکمەکە شیاوی پێداچوونەوە (تەمییز)ی خۆکارانەیە و بە ئاشکرا خوێندرایەوە لە ڕێکەوتی ١٤ / ٥ / ٢٠٢٦.
دادوەر باسم ساڵح محەممەد (ئەندامی دادگا)
دادوەر فەراس مەحموود ئیسماعیل (ئەندامی دادگا)
دادوەر محەممەد عەبدولڕەزا حەتاب (ئەندامی دادگا)
دادوەر عەلی کەمال جابر (ئەندامی دادگا)
دادوەر سەعد خەزعەل جاسم ئەللامی (سەرۆکی دادگا)

21/05/2026