بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی فوڕاتەوە ئەحمەد شەرع سەردانی پارێزگای دێرەزۆری کرد

سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ڕاگوزەری سووریا بۆ پارێزگای دێرەزوور
سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ڕاگوزەری سووریا بۆ پارێزگای دێرەزوور

لە پاش بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری فورات و گیانلەدەستدانی پێنج کەس لە دێرەزۆر، ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر سەردانی پارێزگاکەى کرد.

پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ قەرەبوونکردنەوەی زیانلێکەوتوان

ئەمڕۆ لە سێیەم ڕۆژی جەژنی قورباندا ئەحمەد شەرع بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا کە پێکهاتبوون لە ئەمینداری گشتیی سەرۆکایەتیی کۆمار، وەزیرانی ژینگە، وزە، تەندروستی، نیشتەجێبوون و کشتوکاڵ، سەردانی دێرەزۆری کرد و بڕیارە لیژنەیەکی تایبەت لە ئەندامی ئەو وەزارەتانە پێکبهێندرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.

بەنداوەکانی سووریا پڕبوون

ماوەی چەند ڕۆژێکە بەردانەوەی ئاوی بەنداوی ئەتاتورک و ئەو بەنداوانەی لە تورکیاوە دەکەونە سەر ڕێڕەوی ڕووباری فورات زیادیکردووە، وەزارەتی وزەی سووریا دەڵێت، توانای گلدانەوەی ئاوی بەنداوەکانی سووریا کە لەسەر دەریاچەکان دروستکراون، گەیشتووەتە زیاتر لە 98% و پڕبوون هەربۆیە ناچارن ئاوی بەنداوەکان بەربدەنەوە بۆ ناو ڕووباری فورات کە ئێستا دەگاتە  800 مەتر چوارگۆشە لە چرکەیەکدا.

داوای دوورکەوتنەوە کراوە لە ڕێڕەوە ئاوییەکان

وەزارەتى وزەى سووریا پێشبینی کردووە لە بەردەوامی ئەم دۆخە بەردانەوەی ئاوەکە بگاتە 1000 مەتر چوارگۆشە لە چرکەیەکدا لەکاتێکدایە، بەردانەوەی کاتی ئاسایی 290 مەتر چوارگۆشەیە لە چرکەیەدا، وەزارەتەکە داوا لە هاوڵاتییان کردووە لە رێڕەوە ئاوییەکان دووربکەونەوە.

هۆشداری دراوە لە بەرزبوونەوەی ئاوی ڕووباری فوڕات

وەزارەتی وزەی سووریا هۆشداریشی داوە لە بەرزبوونەوەی بێپێشینەی ئاوی ڕووبارەکە هەربۆیە هەنگاوی خۆپارێزیان گرتووەتەبەر وەک دروستکردنی بەربەستی دەستکرد، ئەوەش لە دوای ئەوەی بەهۆی بەرزی ئاستی ئاوەکەوە، چەند پرد و ڕێگایەکی سەرەکی، زەوی کشتوکاڵی و خانووی هاوڵاتییانی ڕەقە و دێرەزۆر ژێرئاو کەوتوون.