
لە ئیدارەی گەرمیان، کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال دژ بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی "جەلادەکەی نوگرەسەلمان" دەوەستنەوە و داوای ئاشکراکردنی ناوی تۆمەتبارە نوێیەکان و دەستگیرکردنی مستەشارەکان دەکەن.
لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. ئامانجی سەرەکیی گردبوونەوەکە داواکردن بوو بۆ دواخستنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی عەجاج ئەحمەد حەردان، ناسراو بە جەلادەکەی نوگرەسەلمان.
بەشداربووانی گردبوونەوەکە لە لێدوانەکانیاندا بۆ میدیاکان ئاماژەیان بەوە کرد، دۆسیەی ئەنفال و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بۆ ئەوان گرنگترە لە لەسێدارەدانی عەجاج. هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەو تۆمەتبارە لە کاتی دادگاییکردن و لێکۆڵینەوەکاندا ناوی چەندین تۆمەتباری نوێی ئاشکرا کردووە، بۆیە پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتری لەگەڵ بکرێت بۆ دەستکەوتنی زانیاریی وردتر.
کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال داوایان کرد ئەو کوردانەی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا وەک جاش و مستەشار پشتیوانییان لەو ڕژێمە کردووە و ئێستا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، دەستگیر بکرێن. داواشیان لە لایەنە سیاسییەکان کرد کە واز لە پاراستن و پشتیوانیکردنی ئەو جۆرە کەسانە بهێنن و ڕادەستی دادگایان بکەن.
عەجاج ئەحمەد حەردان، کە بە یەکێک لە جەلادە هەرە دڕندەکانی زیندانی نوگرەسەلمان دادەنرێت، دوای ئەنجامدانی 2 دانیشتنی دادگا، لە 14ـی ئایاری 2026 لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا. ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای تێوەگلانی ناوبراو بوو لە دۆسیەی جینۆسایدی ئەنفال و ئەشکەنجەدانی زیندانیان.



