دادگاى پێداچوونەوە سزاى لەسێدارەدانى عەجاجى پەسەندکرد

کەناڵ8 1 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی عەجاج ئەحمەد حەردان جەللادەکەی نوگرە سەلمان لە زیندان
وێنەی عەجاج ئەحمەد حەردان جەللادەکەی نوگرە سەلمان لە زیندان

دادگاى پێداچوونەوەى سزا قورسەکان، بڕیارى لە سێدارەدانى عەجاجى پەسەندکرد.

تاوانى کۆمەڵکوژى دژى کورد

سەعد لامى، سەرۆکى دادگاى پێداچوونەوەى تاوانەکان، ڕایگەیاند، بەتاوانى کۆمەڵکوژى دژى کورد عەجاج ئەحمەد حەردان لە سێدارە دەدرێت، ڕاشیگەیاند "عەجاج چەندین تاوانى دژى مرۆڤایەتى لە نوگرە سەلمان ئەنجامداوە".

سەرۆککۆمارى واژۆى دەکات؟

سەرۆکى دادگاى پێداچوونەوەى تاوانەکان، ئاماژەى بەوەشکرد، دۆسیەى عەجاج ڕەوانەى سەرۆککۆمار دەکرێت بۆ پەسەندکردنى سزاکە.

تاوانەکان لە گرتووخانەی نوگرە سەلمان

بەپێی بڕیاری دادگا، عەجاج بەرپرسیارە لە کۆمەڵکوژیی 1068 کەس لە کوردانی ڕزگاربووی ئەنفال لە گرتووخانەی نوگرە سەلمان. تاوانەکان بریتین لە کوشتنی دەستگیرکراوان لە ڕێگەی برسیکردن، تینوکردن و ئەشکەنجەدان تا مردن. هەروەها دۆسیەکە چەندین تاوانی دەستدرێژیی سێکس بۆ سەر ژنانی دەستگیرکراو، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی منداڵان و شاردنەوەی تەرمەکان لە گۆڕی بەکۆمەڵ لەخۆدەگرێت

ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار

سەعد لامی ئاشکرای کرد، دۆسیەی عەجاج حەردان ڕەوانەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەکرێت بە مەبەستی پەسەندکردنی کۆتایی و دەرکردنی مەرسوومی کۆماری بۆ جێبەجێکردنی سزاکە. تاوانبارەکە پێشتر لە ڕۆژانی 7 و 14ـی ئایار دادگایی کرابوو و ماوەی ڕاگرتنەکەشی لە 30ـی تەممووزی 2025 تاوەکو 13ـی ئایاری 2026 بووە.

مافی سکاڵاکاران و قەرەبووکردنەوە

لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە، سکاڵاکاران و داواکارانی مافی کەسی دەتوانن داوای قەرەبووی دارایی لە بەردەم دادگا مەدەنییەکان بکەن. ئەمەش دوای ئەوەی بڕیاری لەسێدارەدانەکە پلەی کۆتایی وەرگرت و مەرسوومی بۆ دەرچوو. هەروەها پارێزەرانی تاوانبارەکە مافی تانەدانیان هەبووە لە ماوەی 30 ڕۆژدا لە دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی.

کەناڵ8

1 کاتژمێر پێش ئێستا