دەستپاکی عێراق: لە پرسی گەڕاندنەوەی پارە و تۆمەتبارانی هەڵاتوو سوپرایزی گەورە هەیە
دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، لە پرسی گەڕاندنەوەی پارە و تۆمەتبارانی هەڵاتووی تێوەگلاو لە گەندەڵی سوپرایزی گەورە هەیە.
گەڕاندنەوەی نیوەی تۆمەتبارانی هەڵاتوو لە یاسا
عەباس موتعب، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گەڕاندنەوە لە دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاندووە، دەستەی دەستپاکی توانیویەتی نیوەی تۆمەتبارانی کە ڕایانکردووە بگەڕێنرێنەوە عێراق و دەشڵێت، بڕێکی زۆر باش لە پارە براوەکان لەدەرەوە گەڕێنراونەتەوە.
بوونی هەماهەنگی نێوان عێراق و پۆلیسی ئینتەرپوڵ
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە لە دەستەی دەستپاکیی عێراق هەماهەنگی گەورە هەیە لەگەڵ پۆلیسی نێودەوڵەتیی ئینتەرپوڵ و لایەنەکانی جێبەجێکردنی یاسا بۆ دەستگیرکردن و گەڕاندنەوەی تۆمەتباران، بەڵام بەبۆچوونی ئەو، کێشە هەیە لەشێوازی هەماهەنگیی بۆ گەڕاندنەوەی تۆمەتبارەکان ئەوەش بەهۆی جیاوازی یاساکان لەنێوان عێراق و وڵاتانی دیکە، چونکە ئەوەی لە عێراق جێبەجێ دەکرێت لە وڵاتانی دیکە جێبەجێ ناکرێن.
سوپرایزی گەورە بەڕێوەیە
عەباس موتعب دەڵێت، پرسی گەڕاندنەوە لە ئەمساڵدا سوپرایزی گەورەی هەڵگرتووە، هەم لەبڕی پارە گەڕێنراوەکان هەم لەو کەسایەتییانەی تۆمەتبارن و چەندین ساڵە ڕایانکردووە لە عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو هەنگاوەکان بەپاڵپشتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە.
ئەو بەرپرسە دەشڵێت، بەشێک لەو پارانەی بە قاچاغ براونەتە دەرەوەی عێراق، لەگەڵ ئابووریی وڵاتانی دیکەدا تێکەڵبووە و ئەوەش پێویستی هەیە بۆ لێکۆڵینەوەی ئەو دۆسییەیە و کۆکردنەوەی بەڵگە و سەلماندنی ئەوەی ئەو پارانە دەگەڕێنەوە بۆ عێراق.
1 کاتژمێر پێش ئێستا