
دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بە فەرمی داوای لە پۆلیسی ئینتەرپۆڵ کردووە نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی "دزیی سەدە" لە هەر شوێنێک بێت دەستگیر بکات و ڕادەستی بکاتەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە دادگا سزای 10 ساڵ زیندانیی بۆ ناوبراو دەرکردووە و هەوڵەکانیش بۆ گێڕانەوەی ملیارەها دۆلاری دزراو بۆ خەزێنەی دەوڵەت بەردەوامن.
پێشتر دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بەبێ ئامادەبوون سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ تۆمەتبار، نوور زوهێر دەرکرد و ئەمڕۆ دۆسیەکەی ناوبراوی پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆڵ) کرد بۆ گێڕانەوەی.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەبارەی ڕێڕەوەکانی لێپرسینەوە و وەرگرتنەوەی پارەی گشتییەوە ڕایگەیاند، هەوڵەکانی لەسەر دوو ڕێڕەوی هاوتەریب چڕ دەکاتەوە، ئەویش لێپرسینەوە لەوانەی بەشدارن لە گەندەڵی دارایی و کارگێڕی، دووەمیشیان وەرگرتنەوەی پارەی دەوڵەتە.
لەلایەکی دیکەوە پارێزەرانی تۆمەتبار داواکارییەکیان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی یاسای لێبووردن نوور زوهێر بگرێتەوە، لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارانەی کە لەلای ماوە.
هاوکات دادگا پەیوەندیی بە وەزارەتی داراییەوە کردووە بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی لەسەر میکانیزمی گەڕاندنەوەی پارەکە ڕوون بکاتەوە، بەڵام هێشتا وەڵامی وەرنەگرتووەتەوە، بەمەش داواکاریی لێبووردنەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
دزی سەدە کە لە ساڵی 2022 ئاشکرا کرا و تۆمەتبار نوور زوهێر دەستی سەرەکی هەبوو تێیدا، لە ڕێگای هەردوو کۆمپانیای "ئەل قانت و موبدیعون" کە خاوەندارێتییەکەی بۆ تۆمەتبار دەگەڕانەوە، بڕی 1 ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری بەسەردا ساغبووەتەوە؛ کۆی گشتیی ئەو پارانەشی کە لەم نێوەندادا دزراوە دەگاتە 5 بۆ 6 ملیار دۆلار و زیاتر لە 30 فەرمانبەری حکومی و بەرپرس و کاربەدەستی گەورەی حکومەتی ئەوسای عێراقی تێدایە.