موجتەبای میرزادە... گەورەی موزیکی کوردی و ژەنیاری حەسەن زیرەک

حەسەن فەلاح 2 کاتژمێر پێش ئێستا

موجتەبای میرزادە، یەکێکە لە دیارترین هونەرمەند و موزسیانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ کە بە تۆنی کەمان و سێتارەکەی، بووە بە ژەنیاری ژمارەیەک لە هونەرمەندە ناسراوەکانی کورد و فارس.

لە منداڵییەوە خولیای فێربوونی موزیکی هەبووە

موجتەبای میرزادە لە بنەماڵەیەکی مەلازادەی کرماشان ڕێکەوتی 17 ئازاری 1945 لەدایکبووە، لە منداڵییەوە خولیای فێربوونی موزیکی هەبووە، بەهۆی گوێگرتنی زۆری بۆ ڕادیۆی هەمسایە گوێی لە موزیکەکانی مەهدی خالدی و پەروێز یاحەقی گرتووە، لە سەرەتادا خۆی فێری ئامێرەکانی نای و سەنتوور کردووە.

سەرەتا باوکی دژایەتی کردووە

سەید تەقی باوکی میرزادە کە سەید و مەلازادەی کرماشان بوون، ڕێگر بووە موجتەبا ببێتە هونەرمەند و بە پێچەوانەی شەرعیان زانیوە، بەڵام کۆڵنەدانی میرزادە وای لە هاوڕێیەکی نزیکی باوکی کردووە کە سەید تەقی باوکی ناچاربکات کەمانێکی بە 70 تمەن بۆ بکڕێت و وەکو خۆی دەڵێت زۆربەی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەکی بەو کەمانە تۆمارکردووە، ئەمە بووە بە دەستپێکی هاتنە ناو دونیای هونەر.

موزسیانێکی ئەکادیمی نەبووە

 میرزادە بەشێوازی ئەكادیمی موزیکی نەخوێندووە، بەڵکو خۆی فێری خوێندنەوەی نۆتەی موزیک کردووە، کاتێک لە ساڵی 1959 دەچێتە شاری سنە و حەسەن كامكار باوكی خانەوادەی كامكاران دەناسێت، لە ڕێگەی ئەوەوە دەرگای چونە ناو موزیکی کوردی بۆ کراوەتەوە، پاشان بووە بە موزیکژەن لە ڕادیۆی كوردی سنە.

ساڵی 1960 گەڕاوەتەوە بۆ کرماشان و لە تەمەنی 16 ساڵیدا چووەتە ڕادیۆی کرماشان و وەک موزسیانێکی لاو سەدان بەرهەمی بۆ گۆرانیبێژانی کورد تۆمارکردووە.

کاری بۆ گەورە هونەرمەندان کردووە

 میرزادە كاری بۆ زۆر لە هونەرمەندە گەورەكانی ئێران كردووە لەوانە: هایدە، مەهەستی، گوگوش، ستار، سەوسەن، شەجەریان، ئەفسەری شەهیدی، عەهدیە، تاجیک، حومەیرا، موعین، ئومێد، لەیلا فروهەر، ئیرەج حاجی ئەمیری، هومایون کازمی، عەلی رەزا ئیفخاری، ئیرەج مەهدیان، گوڵپا، شەکیلا، پەروا، فەرزین، ئاغاسی و چەندین هونەرمەندی تری ئەو سەردەمەی ئێران، هەر وەکو خۆی ئاماژەی پێکردووە و دەڵێت: "لە نێوان ساڵی 1968 تاوەکو ساڵی 1978 هیچ گۆرانیبێژێک لە ناو فارسەکاندا نەماوە کە من موزیکم بۆ نەژەندبێت یان موزیکم بۆ ئامادە نەکردبێت."

حەسەن زیرەک هاوڕێی نزیکی بووە

 میرزادە لە هەموو کارەکانی گرنگتر، ناسین و کارکردنی بووە لەگەڵ هونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک، کە لەوێوە بە تەواوی ئاوێتە بووە لەگەڵ موزیک و گۆرانی کوردیدا و لە چاوپێکەوتنێکیدا ئاماژە بەوە دەکات کە دڵخۆشترین ساتەکانی کارکردن بووە لەگەڵ حەسەن زیرەک.

ئەو هونەرمەندە کوردانەی کە دەرفەتی کارکردنیان لەگەڵ میرزادە هەبووە بریتین لە مەزهەری خالقی، عەزیزی شاروخی، ناسری ڕەزازی، محەممەدی ماملێ‌، حسەین شەریفی، ئیبراهیمی خۆشنەوا، خەلیلی سەدیقی و هاشمی رەبیعی.

موزیکی بۆ فیلمیش داناوە

میرزادە لە ئێران پایەیەکی گەورەی موزیکی ئێرانی بووە، جگە لە بواری ژەنین، لە بواری دانانی موزیکی فیلم و دابەشکردنی موزیکدا دەستێکی باڵای هەبووە، هەر لەبەر ئەوەشە دەبینین باشترینەکانی نێو سینەمای ئەوکاتەی ئێران، کاری موزیکی فیلمەکانیان بەو سپاردەوە.

موجتەبا میرزادە پاش زیاتر لە 40 ساڵ لە كاری هونەری و بەخشینی چەندین شاكاری گەورە بە موزیكی كوردی و ئێرانی، ڕێکەوتی 17ی تەمووزی 2005 لە نەخۆشخانەی گەورەی تاران بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کردووە.

حەسەن فەلاح

2 کاتژمێر پێش ئێستا