ئیدارەى ئەمریکا بۆ پاراستنى عەلى زەیدى ڕێکارى توندى گرتووەتەبەر

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیدار و کۆبوونەوەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. لەگەل لێپرسراوانی ئیدارەی ئەمریکا بەردەوامە. فۆتۆ: AFP
دیدار و کۆبوونەوەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. لەگەل لێپرسراوانی ئیدارەی ئەمریکا بەردەوامە. فۆتۆ: AFP

ڕێکارە ئەمنییەکان بۆ پاراستنى عەلى زەیدى لە کاتى سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، گەشتەکانى فڕۆکەخانەى ڕۆناڵد ڕیگانیان ڕاگرتووە و سەدان گەشتى ئاسمانى دواخراون و هەڵوەشێنراونەتەوە.

ماوەی چوار کاتژمێر گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی ڕۆناڵد ڕێگان ڕاگیراون

تۆڕى ( سى بى ئێس، نیوز)ىى ئەمریکى لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، بەهۆى ڕێکار و ڕێوشوێنە ئەمنییەکانى پەیوەست بە سەردانەکەى عەلى زەیدى گەشتە بازرگانییەکانى فڕین و نیشتنەوەیان لە فڕۆکەخانەکە لە کاتژمێر 11ـى بەرەبەیانیى سێشەممەوە بۆ کاتژمێر سێى پاشنیوەڕۆ ڕاگرتووە.

300 گەشتی ئاسمانی دواکەوتوون و 126 گەشتیش هەڵوەشێنراوەتەوە

ئاماژەى بەوەشکردووە، بەگوێرەى داتاکانى پێگەى "فلایت ئوێر"ـى تایبەت بە چاودێریی جوڵەى فڕۆکەوانى، لە دەرئەنجامى کۆتوبەندە ئەمنییەکانى پاراستنى عەلى زەیدى، زیاتر لە 300 گەشتى ئاسمانى دواکەوتوون و لانىکەم 126 گەشتى دیکە هەڵوەشێنراونەتەوە.

ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری لە نێوان کۆشکی و سپی و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی

بەرپرسێکى باڵاى ئەمریکا ئاشکرایکردووە، کۆشکى سپى و دەسەڵاتى فڕۆکەوانیى فیدراڵى زانیارییەکانیان لەبارەى کاتەکانى هاتوچۆى زەیدى لە واشنتن ئاڵوگۆڕ کردووە، وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەى کاریگەریی ڕێکارە ئەمنییەکان و ڕێگەدانى دەسەڵاتى فڕۆکەوانى بە هەندێک فڕۆکە بۆ نیشتنەوە و فڕینى هەندێک فڕۆکەى دیکە.

لە کاتی سەردانی بۆ وەزارەتی جەنگی ئەمریکا هەلیکۆپتەری جەنگی یاوەری کردووە

بەگوێرەى تۆڕى سى بى ئێس نیوز، عەلى زەیدى لە کاتى سەردانەکەى بۆ بارەگاى وەزارەتى جەنگى ئەمریکا، لە کاتژمێر یەکى پاشنیوەڕۆ، لە وادەى دیاریکراوى خۆى دواکەوتووە، هاوکاتیش هێلیکۆپتەرى جەنگى لە ئاسمانەوە یاوەرى کاروانەکەى زەیدى بووە بەتایبەت لە کاتى تێپەڕبوونى بە کایەى ئاسمانى نزیک فڕۆکەخانە.

کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ و بانگهێشتی نانی نیوەڕۆ

جگەلەوەش عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران لە میانەى سەردانەکەى بۆ کۆشکى سپى، دۆناڵد ترەمپ ماوەى دیدارەکەى درێژکردووەتەوە و بانگێشتى نانى نیوەڕۆى کردووە هەرچەندە لە کارنامەى دیدارەکەدا نەبووە، ئەوەش دەرخەرى ئەو گونجانە زۆرە بووە کە لەنێوان هەردوولادا هەبووە، درێژەکێشانەى دیدارەکە وایکردووە گۆڕانکارى لە خشتەى کاتى سەردانەکەى عەلى زەیدى ڕووبدات و درەنگتر لە وادەى دیاریکراو بگاتە پنتاگۆن.

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا