عەلى زەیدى بە 48 ڕێککەوتننامەوە کۆتایی بە سەردانەکەى بۆ ئەمریکا هێنا

رێبوار حەمەوەیس 6 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی. فۆتۆ: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی. فۆتۆ: AFP

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای واژۆکردنی 48 ڕێککەوتنامە لە بوارە جیاوازەکان و کۆبوونەوە لەگەڵ ترەمپ، کۆتایی بە سەردانە مێژووییەکەی بۆ واشنتن هێنا و سوپاسگوزاریی قووڵی خۆی بۆ ئیدارەی ترەمپ دەربڕی. بڕیاریشە لە چوارچێوەی گەشتە دیپلۆماسییەکانیدا، لە کۆتایی ئەم مانگەدا سەردانی تاران و ئەنقەرە بکات بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و گەیاندنی هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی.

پەیامی سوپاسگوزاریی زەیدی بۆ واشنتن

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ واشنتن لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: "کۆتاییمان بە سەردانەکەمان بۆ واشنتن هێنا و دەگەڕێینەوە بۆ بەغدادی خۆشەویست، سوپاسگوزاریی قووڵی خۆمان بۆ ئیدارەی سەرۆک ترەمپ و گەلی ئەمریکای دۆست بۆ پێشوازی و ڕێزگرتنیان دەردەبڕین."

ستراتیجییەت و هاوبەشیی ئابووریی نێوان عێراق و ئەمریکا

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هاوبەشیی ستراتیجیی نێوان هەردوو وڵات ڕژدبوونی حکومەتەکەی دووپات کردووەتەوە بۆ بەرجەستەکردنی هاوبەشیی ئابووریی ستراتیجیی نێوان هەردوو وڵات و بەهێزکردنی متمانەی دوولایەنە و دیدگای هاوبەش بۆ داهاتوو؛ ئەمەش بە پاڵپشتیی ئەو ڕێککەوتن و یاداشتنامانەی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش لە سەرجەم بوارەکاندا واژۆیان کردوون، لەگەڵ هەماهەنگیی هاوبەش بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ڕێڕەوی گەشەپێدان لە عێراق و تەواوی ناوچەکەدا.

وردەکاریی دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی عێراق لە واشنتن

ڕۆژی 13ـی تەمموز، عەلی زەیدی بە یاوەریی شاندێکی باڵا بەرەو ئەمریکا بەڕێ کەوت؛ لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، زیاتر لە 30 دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجام دا، لەوانە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی ئیدارەکەی، هەروەها لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیا گەورەکانی بواری نەوت، وزە و تەکنەلۆجیا و بەڕێوەبەرانی بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کۆبووەوە.

واژۆکردنی دەیان ڕێککەوتنامەی گرنگ لە بوارە جیاوازەکاندا

هەروەها 48 ڕێککەوتنامە لە بوارەکانی نەوت، وزە، تەکنەلۆجیا و کەرتی بانک و دارایی لەنێوان عێراق و کۆمپانیاکانی ئەمریکادا واژۆ کران.

وێستگەکانی داهاتووی دیپلۆماسیی عێراق لە ناوچەکەدا

بڕیاریشە دوای گەڕانەوەی، لە 23ـی مانگدا سەردانی ئێران و لە 28یشدا سەردانی تورکیا بکات؛ چاوەڕێش دەکرێت دواتر سەردانی سعودیە و سووریاش بکات.

گەڕانەوە بۆ بەغداد و ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی حکومەت

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی گەڕانەوەی شاندەکە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، سەرۆکوەزیران و شاندەکەی ئەمڕۆ دەگەنەوە بەغداد و ڕۆژی دووشەممە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوە دەچێت.

خستنەڕووی ئەنجامی گەشتەکەی واشنتن لە ئەنجومەنی وەزیران

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممە گوتی، عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجامی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا دەخاتە ڕوو.

وەزیری دەرەوە وردەکاریی گەشتەکانی تاران و ئەنقەرە دەخاتە ڕوو

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و یاوەری عەلی زەیدی، لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی گەشتەکانی داهاتووی سەرۆکوەزیران ئاشکرای کردووە، زەیدی دوای سەردانەکەی بۆ واشنتن، لە 23 و 28ـی تەمموزدا سەردانی تاران و ئەنقەرە دەکات.

گەیاندنی هەڵوێستی عێراق و بینراوەکانی واشنتن بۆ تاران

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی پەیامی عێراق بۆ ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، لە سەردانەکانی ڕابردوودا ڕۆڵی نزیککردنەوەی بۆچوونەکانیان لەنێوان تاران و واشنتندا گێڕاوە، بەڵام لە سەردانی ئەمجارەدا هیچ پەیامێکی ئەمریکی ناگەیەننە ئێران؛ بەڵکو ئەوەی لە واشنتن بیستوویانە دەتوانن بیگەیەننە تاران و هەڵوێستی عێراقیش بخەنە ڕوو.

رێبوار حەمەوەیس

6 کاتژمێر پێش ئێستا