بەرگریى شارستانیى هەولێر سووتانى ئۆتۆمبێلەکان بۆ کەمتەرخەمى شۆفێران دەگەڕێنێتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆکاری سووتانی ئۆتۆمبێلەکان بۆ کەمتەرخەمیی شۆفێران و کێشە تەکنیکییەکان دەگەڕێنێتەوە، نەک کوالێتیی بەنزین؛ ئەمەش لە کاتێکدایە بەشێک لە چاودێران و ڕووداوەکانی دوێنێ، پەنجەی تۆمەت بۆ خراپیی ئەو سووتەمەنییە درێژ دەکەن کە لە بازاڕەکاندا بە نرخێکی هەرزان بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت.
دیاریکردنی هۆکارە سەرەکییەکانی سووتانی ئۆتۆمبێل
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی هۆکاری سووتانی ئۆتۆمبێلەکانەوە ڕایگەیاند، بە ناڕاستەوخۆ کەمتەرخەمیی شۆفێران بە هۆکاری سووتانی ئۆتۆمبێلەکان دەزانێت نەک خراپیی بەنزین، ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ 3 ئۆتۆمبێل سووتان.
کاریگەریی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەسەر بزوێنەر
بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو لە ڕاگەیەندراوێکدا دەربارەی هۆکارە وەرزییەکانی ئاگرکەوتنەوە ئاماژەی بەوە کرد، سووتانی ئۆتۆمبێلی لە وەرزی هاویندا بۆ چەند هۆکارێک گەڕاندووەتەوە لەوانە؛ گەرمبوونی بزوێنەر بەهۆی لەکارکەوتنی سیستەمی ساردکەرەوە یان کەمیی ئاوی ڕادێتەر کە گەرمی بزوێنەر بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرز دەکاتەوە.
مەترسییەکانی دزەکردنی سووتەمەنی و کێشەی کارەبایی
بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی دزەکردنی ماددە سووتێنەرەکانەوە ڕایگەیاند، "دزەکردن و لێچوونی ماددە سووتێنەرەکان" هۆکارێکی دیکەی گڕگرتنی ئۆتۆمبێلە، لەو بارەیەوە زیاتر گوتی "چونکە دزەکردنی بەنزین یان ڕۆنی بزوێنەر لەسەر بەشە گەرمەکان دەبێتە هۆی داگیرساندنی خێرا، هەروەها کێشەی کارەبایی، کە دەبێتە هۆی تێکچوون یان داخورانی وایەرەکان پریشکی کارەبایی دروست دەکات لەگەڵ بوونی گەرمی".
هۆشداری دەربارەی جێهێشتنی کەلوپەلی مەترسیدار لەناو ئۆتۆمبێلدا
بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی هەبوونی ماددەی گڕگرتوو لەناو ئۆتۆمبێلدا ئاماژەی بەوە کرد، ماددە گڕگرتووەکان، چەرخ، بۆن یان بوتڵی بەتاڵ و پاوەربانک و مۆبایل لە ئۆتۆمبێلدا لەژێر تیشکی خۆری ڕاستەوخۆ مەترسیی گڕگرتن و سووتانیان هەیە، بە پێویستیشی دەزانێت هەموو ئۆتۆمبێلێک بوتڵی ئاگرکوژێنەوەی دەستی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا هەبێت.
دوورخستنەوەی گومانی خراپیی بەنزین لە ڕووداوەکان
بەرگریی شارستانیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوەکەدا خراپیی بەنزینی وەک هۆکارێک بۆ گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکان دەستنیشان نەکردووە.
هۆشدارییەکانی سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست دەربارەی سووتەمەنی
ئەوەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ شەممە (25/7/2026) لە شاری هەولێر 3 ئۆتۆمبێل بەهۆی خراپیی کوالێتیی بەنزینەوە سووتان، هاوکات عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست لەڕێگەی کەناڵ8ـەوە هۆشداریدا لە خراپیی کوالێتیی ئەو بەنزینەی بە 850 دینارە و گوتی "بە شێوەیەکی نایاسایی بەرهەم دەهێنرێت و دەبێتە هۆی تێکچوون و لەکارکەوتنی ئۆتۆمبێل".
2 کاتژمێر پێش ئێستا