بەگوێرەی زانیارییەک، کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، عەبدولڕەحیم فورات پەرلەمانتاری ئاکپارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی چەکڕادەستکردندا ڕۆڵی سەرەکی دەبێت و ئاماژە بەوەش دەکات کە پڕۆژەیاسای نوێی تایبەت بە پڕۆسەکە، دەرفەتێکی زێڕین و هەنگاوێکی گرنگە بۆ تورکیا.
پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتی ئاماژە بەوە دەکات کە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای تایبەت بەم پرسە، هەنگاوی یەکەمە بۆ کورد و تورک لە تورکیا و دواتریش هەنگاوەکانی دیکە بۆ چەسپاندنی ئاشتی دێن. ئەو پێیوایە پێویستە ئەم دەرفەتە مێژووییە بە باشی بقۆزرێتەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی بگاتە قۆناغی کۆتایی و سەقامگیریی هەمیشەیی لێبکەوێتەوە.
عەبدولڕەحیم فورات، نوێنەری بازنەی ئەرزڕوومی ئاکپارتییە لە پەرلەمانی تورکیا و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵ8 باسی لە ئایندەی پڕۆسەی ئاشتی کرد. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە نا، بەڵکو لە قۆناغی داهاتووی چەکڕادەستکردنیشدا دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ سەرخستنی هەوڵەکان و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە تورکیا، چونکە بەبێ هەرێمی کوردستان پڕۆسەکە بەربەستی گەورەی دەهاتە پێش.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/224173