
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، هەرێمی کوردستان و عێراق وەک لایەنی سێیەم هاوکار دەبن لە جێبەجێکردنی پڕۆسەی ئاشتیی تورکیا، ئەمەش لە ڕێگەی گرتنەوەی شوێنە چۆڵکراوەکانی پەکەکە، کۆکردنەوەی چەکەکان و ڕێگریکردن لە هەر جموجۆڵێکی چەکداریی تر کە پڕۆسەکە تێکبدات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداد لەگەڵ تورکیا گەیشتوونەتە لێکگەیشتن بۆ داخستنی یەکجاریی کەمپی مەخموور، بە جۆرێک کە هەرێمی کوردستان چوارچێوەی ئەمنی و لۆجیستی بۆ پۆلێنکردن و ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئاوارەکانی کەمپەکە بۆ ناو خاکی تورکیا دابین دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە عێراق پێشتر پەکەکەی وەک ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو ناساندووە و تورکیاش بەڵێنی کشانەوەی هێزەکانی داوە بۆ ئەوەی دۆخی گوندە سنوورییەکان ئاسایی ببێتەوە.
یاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، پێویستی بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی هەولێر و بەغداد هەیە چونکە بنکە سەرەکییەکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانن. بەپێی ئەم پڕۆسەیە، چۆڵکردنی بنکەکانی پەکەکە و جێگیربوونی پێشمەرگە و پاسەوانی سنوور دەبێتە هۆی کشانەوەی سوپای تورکیا لە ناوچەکە. هاوکات لایەنەکان لەسەر پرسی داخستنی کەمپی مەخموور و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ تورکیا بەپێی مەرج و گرەنتییەکانی ناو یاسای چوارچێوە گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/224446