
بەگوێرەی زانیارییەک، کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، قەیرانی گرانی و کەمیی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لێدوانە دژبەیەکەکانی هەولێر و بەغداد دەریدەخەن کە هێشتا ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاونیشتمانییان لە ئارادا نییە.
بەڕۆژ عەزیز، ڕاوێژکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت داوایان لە بەغداد کردووە 6 هەزار بەرمیل نەوتی دیکەیان بۆ دابین بکات، چونکە حکومەتی هەرێم پێیوایە دەبێت خۆیان ئەرکی دابینکردنی سووتەمەنییەکە لە ڕێگەی پاڵاوگە ناوخۆییەکانەوە بگرنە ئەستۆ و ئەو 50 هەزار بەرمیلەیان بۆ بمێنێتەوە.
باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عێراق بۆ کەناڵ8 ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان پێشتر پێشنیاری دابینکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراویان داوە، بەڵام لایەنی هەرێم بۆچوونی وابووە کە دەبێت 50 هەزار بەرمیل نەوتەکە لای خۆیان بێت و خۆیان پڕۆسەی دابینکردنی سووتەمەنییەکە لە ناوخۆدا بەڕێوەببەن.
قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی 7ـەوە سەریهەڵداوە و سەرەڕای بڕیارەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر نرخەکان دانەبەزیون. بەغداد جەخت دەکاتەوە کە چارەسەری کێشەکە لە ڕادەستکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەدایە بۆ ئەوەی بەنزین بە نرخی هەرزان بنێرێت، بەڵام بەردەوامیی ناکۆکییەکان وایکردووە قەیرانەکە زیاتر قووڵ بێتەوە و نرخەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرزتر ببنەوە، لە کاتێکدا هەولێر داوای نەوتی خاوی زیاتر دەکات.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/224745
https://channel8.com/kurdish/news/224727
https://channel8.com/kurdish/news/224629