
بەگوێرەی زانیارییەکە کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، شاندێکى باڵاى ئەمنیی عێراق، بۆ گفتوگۆ لەبارەى دۆسییەى هێرشە درۆنییەکان و هەماهەنگییە ئەمنى و هەواڵگرییەکان گەیشتە سعودیە.
شاندەکە پێکهاتووە لە عەبدولئەمیر شەممەرى، بەڕێوەبەرى نووسینگەى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان، حەمید شەترى، سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى، موهەنەد ئەسەدى، فەرماندەى بەرگریی ئاسمانى، زەید حوشى، سەرۆکى دەزگاى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر.
ئەجینداى سەرەکى سەردانى شاندە ئەمنییەکەى عێراق، تاوتوێکردنى چەند پرسێکى جێى بایەخى هاوبەشە، لەوانە هێرشە درۆنییەکانى سەر سعودیە، بەهێزکردنى هەماهەنگییە ئەمنییەکانى نێوان هەردوو وڵات.
سەردانى شاندى عێراق، دواى چەند ڕۆژێک دێت لە سەردانى خالید بن عەلى حەمدان، سەرۆکى دەزگاى هەواڵگریی سعودیە بۆ بەغداد و کۆبوونەوەى لەگەڵ عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق.
زەیدى لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردەوە، حکومەتەکەى ڕژدە لەسەر بەهێزکردنى هەماهەنگییەکان لەگەڵ سعودیە، پابەندبوونى بەغدادیشى دووپاتکردەوە بە ڕێگەنەدان بە بەکارهێنانى خاکەکەى بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانى دراوسێ.
بڕیار بوو عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە درێژەى سەردانەکانیدا بۆ وڵاتانى دراوسێ، 30 تەمموز سەردانى سعودیە بکات، بەڵام هێرشەکەى ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر بارەگاکانى حەشدى شەعبى لە 29ـى تەمموز، سەردانەکەى زەیدى بۆ ئەو وڵاتە دواخست.
حەیدەر عەبوودى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق، ڕۆژى دووشەممە لە کۆنفرانسى ڕۆژنامەوانى هەفتانەیدا ئاشکرایکرد، سەرۆکوەزیران جارێکى دیکە بانگێشتى سەردانیکردنى سعودیەى پێگەیشتووە و لەگەڵ وەزارەتى دەرەوە تاوتوێى دیاریکردنى وادەى سەردانەکە دەکەن.
عێراق و سعودیە هەوڵ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەدەن
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سعودیە کۆبوونەوە
عێراق و سعودیە بۆ عێراقچی: دان بەخۆتاندا بگرن و گرژییەکان کەم بکەنەوە