بەدواداچوونی کەناڵ8 بۆ ڕووداوە "هاتوچۆ سەختەکەی" موسڵ
پووختەی هەواڵەکە
- لە ڕووداوێکی هاتوچۆی سەختدا لە سەر ڕێگەی موسڵ بۆ دهۆک دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 20 کەسی دیکەش بریندار بوون.
- سەرنشینانی پاسەکە خەڵکی حللە بوون و بە مەبەستی گەشتکردن بەرەو پارێزگای دهۆک و ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتبوون.
- هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکە خەولێکەوتنی شۆفێری پاسە گەشتیارییەکە بووە بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی عێراق.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8 ، لە دووڕیانی حەزەر لە سەر ڕێگەی موسڵ بۆ دهۆک ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەنێوان پاسێکی گەشتیاری و بارهەڵگرێکدا ڕوویدا. لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 20 کەسی دیکەش بریندار بوون.
وردەکاریی سەرنشینان لەبارەی ساتەوەختی ڕووداوەکە
- پاسە گەشتیارییەکە لە شەقامی 40 مەتریی حللەوە بەرەو دهۆک بەرێکەوتووە و لە بەغداد و موسڵ وەستاوە.
- ڕووداوەکە کاتژمێر 6:00ی بەیانیی ڕۆژی شەممە لە دووڕیانی حەزەر بەر لە گەیشتن بە بازگە ڕوویداوە.
- پاسەکە لەگەڵ بەشی پێشەوەی بارهەڵگرێک پێکیانداداوە و بەهۆی لەدەستدانی هاوسەنگی چەند جارێک وەرگەڕاوە.
- زۆرینەی سەرنشینانی ناو پاسەکە ژن و منداڵ بوون و برینی بەشێکیان سەختە، تەنانەت دەستی کچێکی منداڵیش بڕاوەتەوە.
- تیمەکانی تەندروستی و ئەمبوڵانس دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانە و تەرمەکانیان بۆ پزیشکی داد گواستووەتەوە.
لێدوانی پزیشکی نەخۆشخانەی موسڵ و پۆلیسی هاتوچۆ
د. بەرزان حسێن، پزیشک لە نەخۆشخانەی موسڵ ڕایگەیاند، نەخۆشخانەکەیان لە بەرەبەیانەوە پێشوازیی لە 15 برینداری ئەو ڕووداوە کردووە کە برینی هەندێکیان سەخت بووە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە. لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی عێراق ئاشکرایکرد، هۆکاری ڕووداوەکە خەولێکەوتنی شۆفێری پاسەکە بووە.
زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە
سەرنشینانی پاسە گەشتیارییەکە کە ژمارەیان 50 کەس بووە، لە پارێزگای بابلی شارۆچکەی حللەوە بەڕێکەوتبوون بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش و ئەنجامدانی گەشت بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای دهۆک، بەڵام لە دووڕیانی حەزەر بەهۆی بێئاگاهی و خەولێکەوتنی شۆفێرەکەوە پاسەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و تووشی ئەم ڕووداوە سەختەی هاتوچۆ بوون.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
ڕووداوێکی هاتوچۆ لە موسڵ 25 قوربانیی لێکەوتەوە
پۆلیسی سەڵاحەدین: کۆتا تەرمی ڕووداوەکەی ڕووباری دیجلە دۆزرایەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا