ڕێگەی حەویجە - کەرکووک کرایەوە و 6 کەسیش بریندار بوون
پووختەی هەواڵەکە:
- ڕێگەی حەویجە-کەرکووک کرایەوە کە بەهۆی وەرنەگرتنی پارەی پڕۆژەیەکەوە لەلایەن بەڵێندەرێکەوە داخرابوو.
- بەهۆی داخستنی ڕێگەکەوە 4 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویاندا و 6 کەس لە یەک خێزاندا بریندار بوون.
- وەبەرهێنەرەکە بەڵێنی وەرگرتنی شایستە داراییەکانی کە بڕەکەی 4 ملیار دینارە پێدراوە.
- ئیدارەی کەرکووک دوای ڕووداوەکان دەستوەردانی کردووە و بەربەستە خۆڵییەکانی لابرد.
ڤیدیۆیەک گەیشتووە بە کەناڵ8 نیشانی دەدات، وەبەرهێنەرێک بە شۆفڵ ڕێگەی سەرەکیی حەویجە-کەرکووکی بەربەست کردووە، ئەمەش بووە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلی خێزانێکی 6 کەسی و برینداربوونیان، چونکە بەهۆی نادیاریی ڕێگەکە لە شەودا خۆیان کێشاوە بە بەربەستە خۆڵییەکاندا.
وەبەرهێنەر و بەڵێندەری پڕۆژەکە:
- وەبەرهێنەرەکە ڕایگەیاندووە کە 3 مانگە پڕۆژەکە تەواو بووە و بڕی 4 ملیار دینار شایستەی دارایی لای حکومەتە.
- بەهۆی پێنەدانی پارەکەیەوە، سایدێکی ڕێگەی (ڕیاز - فەتحە)ی بە خۆڵ بەربەست کردبوو تاوەکو فشار لەسەر ئیدارەی شارەکە دروست بکات.
- دوای ڕێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی کەرکووک، بەربەستەکەی لادا بەڵام هۆشداری دا کە هێشتا ڕێگەکە بە فەرمی ڕادەستی حکومەت نەکراوەتەوە.
ئیدارەی خۆجێیی کەرکووک:
ئیدارەی خۆجێیی کەرکووک دوای ڕوودانی چوار ڕووداوی هاتوچۆ لەسەر ڕێگەکە و برینداربوونی هاووڵاتییان، دەستبەجێ لەگەڵ وەبەرهێنەرەکە کۆبووەوە. ئیدارەکە بەڵێنی داوە کە کێشەی دارایی پڕۆژەکە چارەسەر بکات و پارەی پێویست بۆ بەڵێندەرەکە دابین بکات، بەو مەرجەی ڕێگەکە بە کراوەیی بمێنێتەوە و چیتر مەترسی بۆ سەر ژیانی شۆفێران دروست نەکرێت.
زانیاری لەسەر ڕووداوەکان:
ڕووداوەکان لە درەنگانی شەوی ڕابردوو ڕوویانداوە، کاتێک شۆفێران بەهۆی نەبوونی ئاماژەی ئاگادارکردنەوە لەسەر ڕێگەی سایدێکی نێوان (ڕیاز-فەتحە) خۆیان کێشاوە بە بەربەستە خۆڵییەکاندا. لە یەکێک لە ڕووداوەکاندا خێزانێکی شەش کەسی بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران، بەرەبەیانی ئەمڕۆش دوو ڕووداوی دیکە لە هەمان شوێن تۆمار کراون پێش ئەوەی بەربەستەکان بە تەواوی لاببرێن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا