
بەگوێرەی زانیاریی کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خەمڵاندنی بۆ پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2027 کردووە و کۆی گشتیی شایستەکان گەیشتووەتە نزیکەی 29 تریلیۆن دینار، کە لەلایەن چەندین فەرمانگە و وەزارەتی پەیوەندیدارەوە وردەکارییەکانی ئامادە کراون.
وەزارەتی دارایی عێراق 5 لیژنەی پسپۆڕی بۆ ئامادەکردنی تەوەرە تەکنیکییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 پێکهێناوە، ئەرکی ئەم لیژنانە داڕشتنی چوارچێوەیەکی گشتگیر و تەکنیکییە بۆ بودجە نوێیەکە تاوەکو لە کاتێکی دیاریکراودا تەواو بکرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی وردی پێشکەشی حکومەتی فیدراڵ کردووە کە تیایدا سەرجەم خواستە دەستوورییەکان و پێداویستییەکانی حکومەت جێگیرکراون، ئەمەش بە هاوبەشی لەگەڵ دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو وەزارەتی دارایی فیدراڵ جێبەجێ کراوە.
ئامادەکارییەکان بۆ بودجەی 2027 لە کاتێکدایە کە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە کار لەسەر وردەکارییەکان دەکەن. پرۆسەکە بە شێوەیەکی تەکنیکی و لە ڕێگەی لیژنە پسپۆڕەکانەوە بەڕێوەدەچێت تاوەکو دڵنیایی بدرێت لە جێگیرکردنی سەرجەم شایستە داراییەکان و دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ هەردوو سێکتەری بەکاربردن و وەبەرهێنان لە چوارچێوەی یاساکەدا.
هەرێم کەمال ئاغا: پێویستە ماف و شایستەکانى هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان لە بودجە جێگیر بکەین
پڕۆژەی بودجەی 2027ی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ نێردرا
فالح ساری: بەهەماهەنگیی بانکی نێودەوڵەتی پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە دەکرێت