لیژنەیەکی بەغداد بۆ داخستنی نووسینگەکانی کۆڕەک گەیشتە کەرکووک
پووختەی هەواڵەکە:
- لیژنەیەک لە بەغدادەوە بۆ دەستپێکردنی ڕێکارەکانی داخستنی کۆڕەک تێلیکۆم گەیشتە کەرکووک.
- دادگای ڕەسافە ئەو فەرمانەی هەڵوەشاندەوە کە پێشتر لە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکە دەرکرابوو.
- بڕیاری دەستەی ڕاگەیاندنی عێراق بۆ ڕاگرتنی کارەکانی کۆڕەک وەک خۆی جێگیر کرا.
- هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دوای تانەیەکی یاسایی سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندنی عێراق دێت.
پەیامنێری کەناڵ8 بەدواداچوونی کردووە کە لیژنەیەکی باڵا لە بەغدادەوە گەیشتووەتە کەرکووک بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری داخستنی نووسینگەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە دادگای ڕەسافە فەرمانە کاتییەکەی پێشتری هەڵوەشاندەوە، بەمەش جارێکی دیکە ڕێگە بۆ دەستەی ڕاگەیاندنی عێراق خۆشبووەوە تاوەکو ڕێکارە یاساییەکان دژی کۆمپانیاکە دەستپێ بکاتەوە.
بڕیارەکانی دادگا و دەستەی ڕاگەیاندن:
- دادگای بەرایی ڕەسافە لە 26ـی 8ـی 2026 بڕیاریدا ئەو فەرمانە سالارییە هەڵوەشێنێتەوە کە لە 24ـی ئاب لە بەرژەوەندیی کۆڕەک دەرکرابوو.
- ئەم هەڵوەشاندنەوەیە لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی "تەزڵومێک" بووە لەلایەن سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان دژی کۆمپانیاکە.
- بەپێی بڕیارە نوێیەکە، بڕیاری پێشووی دەستەکە بۆ ڕاگرتنی کارەکانی کۆڕەک وەک خۆی ماوەتەوە و دەبێت ڕێکارەکان بۆ داخستنی نووسینگەکان جێبەجێ بکرێن.
هەڵوێستی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم:
پێشتر لە 23ـی 8ـی 2026، سیروان بارزانی، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاندبوو کە دادگای ڕەسافە فەرمانێکی کاتیی دادوەریی دەرکردووە بۆ ڕاگرتنی بڕیارەکانی دەستەی ڕاگەیاندن. بارزانی ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەم بڕیارە وەڵامێکە بۆ ئەو داخستن و هەڕەشانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کۆمپانیاکە کرابوونەوە و پڕۆسەی دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانی ڕاگرتووە، بەڵام بڕیارەکەی 26ـی ئاب ئەو دۆخەی پێچەوانە کردەوە.
ڕێکارە مەیدانییەکان لە کەرکووک:
پەیامنێری کەناڵ8 ئاشکرای کردووە کە لیژنە نێردراوەکەی بەغداد گەیشتوونەتە شاری کەرکووک و دەستیان بە ڕێکارەکان کردووە بۆ داخستنی نووسینگەکانی کۆمپانیاکە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە دادگا بڕیاری کۆتایی لە بەرژەوەندیی دەستەی ڕاگەیاندنی فیدراڵ داوە و ڕێگەی داوە بە داخستنی دامەزراوەکانی ئەو کۆمپانیایە لە سنووری پارێزگاکە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
2 کاتژمێر پێش ئێستا