
زانیاریی گەیشتووە بە کەناڵ8 کە دادگای ڕەسافە لە بەغداد، ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی ئابی 2026، فەرمانێکی کاتیی دادوەریی (ئەمر وەلائی) دەرکردووە بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لە دژی کۆمپانیاکە دەرکرابوون. سیروان بارزانی، خاوەنی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بڕیارە وەڵامێکە بۆ ئەو داخستن و هەڕەشانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقەوە ڕووبەڕووی کۆمپانیاکە کرابوونەوە. ئێستا بە فەرمانی دادگا، پڕۆسەی دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ و داخستنی نووسینگەکانی کۆڕەک تیلیکۆم ڕاگیراوە.
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق پێشتر ڕایگەیاندبوو کە کۆڕەک تیلیکۆم بڕی نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار قەرزداری دەوڵەتە، لەسەر ئەم بنەمایە و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، نووسینگەی سەرەکی کۆمپانیاکەی لە جادریە و 3 بنکەی دیکەی لە بەغدا داخست. دەستەکە هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ و ڕاگرتنی تەواوەتی خزمەتگوزارییەکانی کۆڕەک تیلیکۆمی کردبوو، ئەوەش دوای ئەوەی ڕێککەوتنێکی پێشووی لەگەڵ کۆمپانیاکە هەڵوەشاندەوە.
سەرۆکى دەستەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان: کێشەى کۆڕەک تیلیکۆم کێشەى ئەمڕۆ نییە
دەستەی ڕاگەیاندنی عێراق ناوەندی سەرەکیی کۆڕەک تیلیکۆمی لە بەغداد داخست