
جەمیل بایک، ڕایگەیاند، ئەوەی ڕوودەدات هاوپەیمانییە لە نێوان کورد و دەوڵەت.
جەمیل بایک، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کەس ناتوانێت نکۆڵی لە کورد بکات.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ستێرک تیڤی ڕایدەگەیێنێت، ڕاستە پەکەکە لە ڕووی ڕێکخستنەوە کۆتایی بە خۆی هێناوە، بەڵام پەکەکە هەرگیز تەسلیم نەبووە و تەسلیمیش نابێت.
لە بارەی پڕۆسەکە و ئەو ڕەخنانەی لە پەکەکە دەگیرێت ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی ڕوودەدات تەسلیمبوون و دەستبەرداربوون نییە.
بەڵکو هاوپەیمانییە لە نێوان کورد و دەوڵەت و لەسەر بنەمای هاوپەیمانیی سیاسی و یاساییە.
ئەمڕۆ کەس ناتوانێت نکۆڵی لە کورد بکات و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێزی سەرەکییە.
هەرکاتێک تورکیا پێویستی بە کورد هەبوە، پەنای بۆ دانوساتن و ڕێککەوتن بردوە، بەڵام لەگەڵ گۆڕینی هاوکێشەکان، دەستی بە فشاری سیاسیی کردووە.
وەک نموونەش باس لە کەوتنی دەوڵەتی عوسمانی و دروستبوونی دەوڵەتی تورکیا دەکات و دەڵێت، لە کاتی کەوتنی دەوڵەتی عوسمانی پێویستیان بە کورد هەبوو، بۆیە لە دەستووری 1921 نکۆڵی لە کورد نەکرا، بەڵام لە پاش ڕێککەوتننامەی لۆزان و لە دەستووری 1924 نکۆڵی لە کورد کرایەوە.
