
بەگوێرەی زانیارییەک، کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە بوڵتنی هەواڵەکانی کەناڵ8 گوتی، سبەی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکرێت و هاوکات حکومەت کار لەسەر یاسای تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دەکات. بە بڕوای ئەو جێبەجێکردنی بڕیاری کۆکردنەوەی چەک قورس بووە و دەشڵێت، هەوڵی جدی دەدرێت، کە لە پڕۆژەیاسای خانەنشینی دا، مافی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ عێراق یەکسان بکرێت.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری، لەبەرئەوەی لە 80%ـی ئەم پڕۆژەیاسایانە پەیوەستن بە داراییەوە، پەسەندکردن و جێبەجێکردنیان پێویستی بە ڕەزامەندیی حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی هەیە پێش ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت، هاوکات لەبارەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە وادەی دیاریکراو کەمە و جێبەجێکردنی بڕیارەکە قورسە، چونکە پێویستی بە کاتی زیاتر هەیە تا لایەنە سیاسییەکان بگەنە ڕێککەوتن.
نزیکبوونەوەی وادەی 30ـی ئەیلوول کە هاوکاتە لەگەڵ پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، وایکردووە دۆسیەی چەک هەستیارتر بێت؛ بەپێی هۆشدارییەکانی مازن غەریب، ئەگەر پێش ئەو وادەیە هەنگاوی جددی و کردەیی بۆ ڕادەستکردنی چەک و کۆکردنەوەی لە دەستی دەوڵەتدا نەگیرێتەبەر، ئەگەری زۆرە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بەرەو خراپتربوون بڕوات.
گوتەبێژی نوجەبا لە چاوپێکەوتنی کەناڵ8: وادەی دیاریکراو بۆ چەکدانان بە هیچ شێوەیەک گونجاو نییە
چوارچێوەى هەماهەنگى پلانێکى نوێى بۆ کۆکردنەوەى چەکى گرووپەکان هەیە
