گوتەبێژی نوجەبا لە چاوپێکەوتنی کەناڵ8: وادەی دیاریکراو بۆ چەکدانان بە هیچ شێوەیەک گونجاو نییە

یاد نەوزاد 2 کاتژمێر پێش ئێستا

دکتۆر حوسێن موسەوی، گوتەبێژى بزووتنەوەى نوجەبا لە میانەى دیدارێکى تایبەت لەگەڵ کەناڵ8 ئاماژەى بەوە کرد کە هەژموونی ئەمریکا گەیشتووەتە ناو پەرلەمانی عێراق و دەنگدانی لەسەر یاسای حەشدی شەعبی ڕاگرتووە، هاوکات بەهۆی ئەو مەترسییانەی لەسەر عێراق هەن، بەتەواوی بیرۆکەی چەکدانان و ڕادەستکردنی چەکەکانیان ڕەتدەکاتەوە.

ئەیوب ڕەزا: قسە و باسێک هەیە لەسەر ئاستی فەرمی، سەبارەت بە کرانەوەیەک لە پرسی چەکدا، ئایا ئێوە ڕزای بوون، ئایا ئەو قسەیە دروستە، لەسەر بوونی ڕێککەوتن لەسەر ڕێکخستنی چەکەکانتان، بەڵام بە وادەیەکی جیاواز لەو وادەیە کە دەستنیشانکراوە لە 30ی ئەیلول دا؟

حوسێن موسەوی: خاڵی یەکەم وسەرەتا ئەوەی پەیوەستە بە پرسی ئەو وادەیەی دیاریکراوە، با قسەی لەسەر بکەین، ئەو کاتەی دیاریکراوە بەهیچ شێوەەیەک گونجاو نییە لەبەر  چەند هۆکارێکی جیاواز، چونکە پرسی چەک بەڵێ چەک بە هەموو ناونیشان وجۆرە جیاوازەکانییەوە، چەکی قورس، مام ناوەند یاخود سووک . ئەمە نوسینگەیەک نیە کە لە هەر کاتێک بتەوێت دایبخەیت، ئەمە پێوویستی بەکاتێکی دوور و درێژ هەیە،  ئەمە سەبارەت بەو وادەیەی کە دیاریکراوە، ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئەم پرسە بەمشێوەیە ڕەتدەکەینەوە.

ئەیوب ڕەزا: لە تەواوی پرسی چەکەکان، یان وادەکە؟

حوسێن موسەوی: ئەو وادەیەی دیاریکراوە و  هەروەها ئەو بەشەی سەرەتای کە پەیوەستە بە سەرەتای  پرسیارەکەتەوە، بابەتی ڕادەستکردنی چەک، لەم ساتە وەختەدا و بە دیاریکراوی لەم بارودۆخەدا ناکرێت قسە و باس لەبارەی ڕادەستکردنی چەکەوە بکرێت، لەم بارودۆخ و قەیران و ئاڵنگاریانەی کە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، ئێستا هەموو لایەک  دەزانن کە قەبارەی ئەو نەخشە ڕێگایەی داەڕێژراوە بۆ گۆڕینی جوگرافیای ناوچەکە و بونیاد نانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بە سەرکردایەتی ئەمریکا و بە پێدانی ڕۆڵێکی گەورە بە ئیسڕائیل،  دەبێت  هەڵوێستەی لەسەر بکرێت و لەبەرچاو بگیرێت، هەربۆیە کاتێک خواست و ویستی دەرەکی بەسەر ئیرادەی ڕۆڵەکانی ناوخۆدا دەسەپێندریت و داوای ڕادەستکردنی چەکی مقاوەمە دەکرێت بە دەر لە هەموو ئەو چەکانەی دیکە کەلە ناوخۆی عێراق هەیە !

ئێستا هەمووان ئەو ڕاستیە دەزانن کە لە عێراق چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بوونی هەیە و  بۆنموونە بنکە سەربازییەکانی تورکیا، جیا لە  ئەمریکا، مەبەستم ئەو بنکانەی سووپای تورکیایە کە لەزۆرێک لە پارێزگاکانی باکووری عێراق بوونیان هەیە بە تایبەت لە ناوچەکانی بەعشیقە و بەرتەلە و ئەلقۆش و حەمدانیە و شنگال و چەندین ناوچەی دیکە، تەنانەت چەکی پەکەکەش کە لە شنگال بوونی هەیە، ئەوەش بەشێکە لەو چەکانەی کە لەسەر خاکی عێراقە.

بەدەر لەوەش ئەی ئەو چەکانەی کە لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک بە دەست هەندێک لە گروپی چەکداری کوردی ئێرانەوەیە کە ژمارەیان زیاتر لە 25 هەزار شەڕکەرە، ئەمانە  پاڵپشتیکردن و پڕچەککردنیان لەلایەن ئەمریکاوەیە  و چەندین پڕۆژەیان هەبووە بۆ جووڵە لە دژی ئێران، بۆیە ئێستا بابەتی چەک داماڵین کە هاتۆتە پێشەوە، خۆ ئەم چەکانە چەندین ساڵی دوور و درێژە لەسەر خاکی عێراقە بۆچی کۆنەکراوەتەوە و ڕادەستی دەوڵەت نەکراون .

لایەنێکی دیکە هەیە و ئەویش قەبارەی ئەو ئاڵنگاریە گەورانەیە کە ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە، پێکهاتەی سیاسی عێراق کە ئەمریکا بۆی دەستنیشانکردووە، عێراق بۆ چەندین پێکهاتە و نەتەوە و بەش دابەشکراوە، بۆیە خوودی ئەم سیستم و پەیڕەوە کێشەی بۆ بەڕێوەبردن و بەرگریکردنی دەوڵەت دروستکردووە و کاریکردۆتە سەر بڕیارێکی یەکگرتووی عێراق، بە جۆرێک بێت کە بڕیاری کوردی یان سوونی  یان شیعە نەبێت بەڵکو یەک بڕیاری یەکگرتووی عێراقی بێت دەمانەوێت یەک بڕیاری عێراقی هەبێت و هەموو نەتەوەکانی کۆمەڵگای عێراقی کۆبکاتەوە، لە ژێر سایە و سێبەری دەوڵەتی عێراقدا، ئێستا ئەمە نابینرێت و بە پێچەوانەوە خواست و وویستی دەرەکی دەیەوێت کار بکاتە سەر داڕشتن و بڕیاردان و لە پێشی پێشەوەش ئەمریکا، بوونی ئەمریکا تەنها لە بنکە سەربازیەکاندا نیە بەڵکو لە دەستێوەردانی  ڕاستەوخۆیاندایە بە شێوەیەکی ئاشکرا لە داڕشتنی سیاسەت و ئابووری وڵات، ئەمڕۆ زۆر پرۆژە یاسا هەیە کە پەرلەمان دەیوویست دەنگی لەسەر بدات بەڵام خواستی ئەمریکا وەستاندوویەتی، بۆ نموونە یاسای جەعفەری، کە ئەم یاسایە پەیوەستە بە رێکخستنی پرسێکی کۆمەڵایەتی پەیوەست بە تایفەیەکی دیاریکراوەوە هەیە و هۆکاری دەستێوەردانی ئەمریکا بۆ وەستاندنی نەزاندرا و ناڕوونە.

 هەروەها دەستێوەردان لە دەرنەچواندنی یاسایی حەشدی شەعبی، ئەوەش دەستێوەردانێکی ڕوون و ئاشکرایە، هەروەها لە بابەتی ئابووریدا و پرسی ژیرخانی ئابووری وڵاتەکە کە بە دەست کۆمپانیا ئەمریکیەکانەوەیە هۆکاری سەرەکی دروستکردنی کێشەن بۆمان و ناهێڵن عێراق بنیاد بنرێتەوە و سەقامگیری هەبێت هەروەها ڕۆڵی ئەو  تیرۆرە گەورەیەی کە بوونی هەیە و لە سەر سنوورەکانی عێراقە، ئەو تیرۆرەی کە بەگوێرەی سیستمێکی نێودەوڵەتی ڕێکدەخرێتەوە.

ئەیوب ڕەزا: ئەمە زانیارییە دکتۆر؟   

حوسێن موسەوی: بەڵێ ئەوە زانیاریەکی ڕاستەقینە و پشتڕاستکراوەیە و دڵنیام لێی، بۆ نموونە  پێش ماوەیەک جموجۆڵی هێزەکانی سووریا هەبووە لەسەر سنووری عێراق و زیاتر لە 15 هەزار شەڕکەر بە ئامێر و هێز و چەکی پێشکەوتووەوە لەسەر سنووری عێراقن بە دیووی سووریادا، ئایا پلان و هۆکاری بوونی ئەم هێزانە چیە؟

ئەیوب ڕەزا: لە ڕاستیدا لە ڕووی میدیاییەوە بە دوای ئەم بابەتەدا ڕۆیشتین، فەرماندەی هێزەکانی سنوور لەمبارەیەوە گوتی، کە هەماهەنگی هەیە لەمبارەیەوە، لایەنی سووری پێی گوتوون، کە جووڵەیەکی ناوخۆیی و تایبەت بە خۆیان هەیە، ئێوە زانیاریی جیاوازتان لایە؟

حوسێن موسەوی: ئەو زانیاریە پشتڕاسکراوانەی کە دڵنیاین لێی و داومانە بە حکومەتی عێراق و  لایەنەکانی دیکەی ناو حکومەت  کە ئەو جموجۆڵانە بە گوێرەی پلان و خواست و ویستی ئیسڕائیل و ئەمریکایە، بەڵگەش بۆ ئەوە ئەو جاوپێکەوتنی ئەسعەد  شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریایە لەگەڵ سەرۆکی هەواڵگری ئیسڕائیلیدا.

ئەیوب ڕەزا: وابزانم دیدارەکەیان پەیوەستبووە بە بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی ئەبوو زهوور و سەربازگەکانی دیکە نەک بەو بابەتەی باسی دەکەیت، یان وا دەبینیت، کە پێکەوە گرێدراون؟

حوسێن موسەوی: ئەگەر بەو جۆرە بوایە دەبوو کۆبوونەوکە لەسەر ئاستی وەزیری دەرەوە بووایە  بەو مانایەی وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا بوایە نەک لە بارەی پرسی ئەمنی و ئاسایشەوە بێت و هەمووان ئەو بابەتە دەزانن،  جموجۆڵی گەورە و مەترسیدار هەیە و بەشداری لایەنی تیرۆری مەترسیداری  تێدایە و ئامانجەکەش ڕوون وئاشکرایە، نموونەیەکی دیکەش ئەو بنکە سەربازییەیە کە ئیسرائیل دروستی کردبوو لە بیابانەکانی نەجەفدا، ئەم پرسە و لە کاتێکدا عێراق  توانای سەربازی و هەواڵگری لەو ئاستەدا نیە کە ئەم بابەتە ئاشکرا بکات یاخود   ئاسمان و سەروەری عێراق بپارێزێت، ئەمڕۆ ئەگەر سەرەوەری عێراق پێشێل کرابێت و نەتواندرێت ساناترین مافی گەل و کۆمەڵگای عێراقی بەدی  بهێندرێت، ئایا چۆن داوا لە مقاوەمە دەکرێت کە چەکەکەی ڕادەستبکات، لە هێرشەکانی سعوودیە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی، چی ڕوویدا؟  ئایا حکومەتی عێراقی لەلایەنی سیاسی و عەسکەریەوە بۆ ئەم بابەتە چی کرد؟ بۆ وەڵام و ڕێگری لەم دەستدرێژی و تاوانکاریە چی کرد؟

ئەیوب ڕەزا: کەوابێ، ئێوە هەر لەبەر ئەوە مقاوەمە بە دەنگ هاتن؟

حوسێن موسەوی: هەربۆیە گروپەکانی مقاوەمە و بەرەی نوجەبا بە دیاریکراوی بە توندترین شێوە هاتە سەرخەت و  بڵاوکراوەی زۆر توندی لەو بارەیەوە هەبووە.

ئەیوب ڕەزا: یارمەتیم بدە با لەبارەی بەیاننامەکەوە قسە بکەم، بەیاننامەکانی سەرکۆنەکردنی هێرشەکان، با نمونەیەک بێنمەوە، لەسەرەتاوە کەتیبەکانی حیزبوڵا جووڵەیان کرد، بەڵام دوای ڕاگەیێنراوەکەی هادی عامری و داواکەی بۆ ڕاگرتنی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە، کەتیبەکانی حیزبوڵا بە جۆرێک لە جۆرەکان پاشەکشەیان کرد، بەڵام شێخ ئەکرەم کەعبی لە پڕا بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە، لەسەر  هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سعودیە و دانی قەرەبووکردنەوە بە کەسوکاری قوربانیان، کەعبی گوتی، وەڵامی مووشەک بە مووشەک دەبێت.

حوسێن موسەوی: بە مووشەک.

ئەیوب ڕەزا: ئایا هەمان هەڵوێستتان هەیە؟

حوسێن موسەوی: تاوەکو ئێستاش سوورین لەسەر ئەو هەڵوێستەمان چونکە خوێنی عێراقیەکان خوێنێکی پیرۆزە و نابێت سازش لەسەر مافی عێراق و عێراقیەکان بکەین بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان، بۆیە ئەو هێرشانە دەبوو  بەهەموو شێوەیەک سەرکۆنە بکرێت وئێمە هەستمان پێکرد و بینیمان بڵاوکراوەکان و سەرکۆنەکانی  حکومەتی عێراقی شەرمنانەیە  و بە بارتەقای ئەو کارەساتە نەبوون  کە ڕوویداوە، سەرکردە سیاسیەکانی عێراق و پەرلەمانیش هەڵنەستان بە ڕۆڵی خۆیان، ئەو ڕۆڵەی دەبوایە بیگێڕن .

ئەیوب ڕەزا: دەبێت لێرەدا بڵێم، کە بارەگاکانتان وەک نوجەبا بۆردومان نەکران؟

حوسێن موسەوی: نەخێر نەخێر، ئێمە بۆردوومان نەکراین. یەکەم شت دەبوایە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بجۆڵێت و نەتەوەیەکگرتووەکان بێتە سەرخەت، جموجۆڵەکانی کۆمکاری عەرەبی بگریتەوە، هەوەها ڕێکخراوی  کۆنگرەی ئیسلامی بێتە سەر هێڵ و چەندانی دیکەش بەڵام بە داخەوە هیچ دەستپێشخەرییەکمان نەبینی و بە پێچەوانەوە بینیمان هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی پاڵپشتی و پشتگیری سعوودیەیان کرد هەرچەندە سعوودیە دواتر لە بیانوو دەگەڕان بۆ بڕیارەکەیان و گووتیان نەمان دەزانی بابەتەکە بەو جۆرەیە .

ئەیوب ڕەزا: بابەتی قەرەبووکردنەوەکە هەندێک ڕاستی دەردەخات؟

حوسێن موسەوی: نەک تەنها ئەوە، ئەگەر هەڵوێستی بەرەی نوجەبا نەبوایە،  نوێنەر و نێردەی سعودیە نەدەهات بۆ عێراق ڕوونکردنەوە بدات و بارودۆخەکە ئاسایی بکاتەوە و  لە ڕووکەشدا ئەوەیان پیشاندا کە شاندی سعوودیە هاتووە و گفتوگۆی  سەردانەکەی سەرۆکوەزیران ی عێراق بۆ ئەو وڵاتە دەکات و ئەوە لایەنە ئاشکرا کەی بووە، بەڵام لایەنی شاراوەی بابەتەکە ئەوەیە کە  شاندەکەی سعوودیە هاتبوون بۆ پێشکەشکردنی پاسا و بەڵگەی جۆراو جۆر بۆ هێوورکردنەوەی دۆخەکە لە پاش ئەوەی ڕوویدا  و لەهەمانکاتیشدا پێشکەشکردنی قەرەبووی ماددی بۆئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکە  و چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان بووە، بۆیە ڕۆڵی نوجەبالە ساتە وەختێکی زۆر هەستیاردا هات و گووتی ئێمە لە خوێنی عێراقیەکان خۆش نابین و تاوەکو ئێستاش لەسەر هەمان قسەی خۆمان سوورین .

ئەیوب ڕەزا: بەڵێ، ڕێم بدە با بگەڕێمەوە بۆ پرسی چەک، ئێوە چجۆرە دەستەواژەیەکتان قبوڵە، وەک نوجەبا بۆ گفتوگۆ لەسەر چەک، ئێوە گفتوگۆتان ڕەتنەکردووەتەوە، هەر چەندە ڕادەستکردنی چەکتان ڕەتکردووەتەوە، ئایا ئێوە کامەیتان قبوڵە؟ ڕێکخستنی چەک، زەبتکردنی چەک، یان تۆمارکردنی داتای درۆن و چەکەکانتان، وە لەلاتان بمێنێتەوە لە بواری چوونەڕیزی فەرمانەکانی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کامی بۆتان گونجاوە؟

حوسێن موسەوی: ئێمە لە ناو بزوتنەوەی نوجەبا بە هیچ شێوەیەک قسە و باسمان لەو بارەیەوە  نەکردووە، بە هیچ شێوەیەک. هەر پرسێک پەیوەست بێت بە پرۆسەی چەک دانان یاخود ڕێکخستنەوە یان  داڕشتنەوەی پەیکەربەندی یان هەرشتێک لەو بارەیەوەڕەتدەکەینەوە بە دڵنیایەوە، وەکو پێشتر بۆم باسکردی قەبارەی ئاڵنگاریە گەورەکان و مەترسییەکانی سەر  عێراق وامان لێدەکات نەک باسکردن بەڵکو  تەنانەت نەتوانین بیر لە پرۆسەی چەک دانانیش بکەینەوە، چونکە پرۆسەی چەک دانان بەو واتایە دێت  تۆ بە دەستی خۆت بەهێزترین چەک و کاریگەرترین توانای خۆت لە دەستدەدەیت، ئەوەش تەنها بۆ بزوتنەوەی نوجەبا نیە بەڵکو بۆ حکومەتی عێراقە، ئێمە خۆمان بەو هێز و توانایە دەبینین کە بە دەست دەوڵەتی عێراقیەوەیە  .

ئەیوب ڕەزا: بەڵام ئەم شتە نابینین، وەک دیوارێکی ڕێگر لە بەردەم حکومەتدا دەتانبینین، ئەوە دەبینین، بەڵام ئەم قسەیە تازەیە، کە ئێوە پشتیوان و هێزن بۆ حکومەتی عێراقی.

حوسێن موسەوی: بە دڵنیایەوە، حکومەتی عێرای لە دوای ساڵی 2003 وە هەستی بەگرنگی و ڕۆڵەکانی مقاوەمە کردووە بە تایبەتی لە دوای ڕووداوەکانی داعشەوە کە هاتنە ناو عێراقەوە ڕۆڵی مقاوەمە زیاتر دەکەوت کە بە دڵ و گیان و ڕۆح قوربانی داوە بەڵام لە بەرامبەردا هیچ شتێکی وەرنەگرتۆتەوە،  ئێمە ئێستا لەبارەی بزووتنەوەی نوجەباوە گفتوگۆ دەکەین و ئێوە هاتونەتە بەغداد و لە ناو ئەم هەموو پڕۆژە و  پۆست و ئیش و کار و کۆمپانیا و نوسینگانەدا.

ئەیوب ڕەزا: هیچتان نییە، نە پۆست، نە بەڕێوەبەر، ن وەزیرێک؟

حوسێن موسەوی: نوجەبا هیچ پۆستێک وەزیرێک یاخود بەڕێوەبەرێک یان پڕۆژەیەک و...

ئەیوب ڕەزا: نە گرێبەست و وەبەرهێنانیشتان نییە؟

حوسێن موسەوی: نە وەبەرهێنانێک یان گرێبەستێکمان نیە.

ئەیوب ڕەزا: بەڵام لیوایەکتان هەیە لە ناو حەشدی شەعبی دا؟

حوسێن موسەوی: بەڵێ لیوامان هەیە لە ناو حەشدی شەعبی لیوای 12 مان هەیە و بارەگامان هەیە و شوێن و ناونیشانمان ئاشکرایە لای حکومەتی عێراقی و لە هەمانکاتدا لیواکەمان جوڵە ناکات تاوەکو بڕیار و فەرمانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق کە بەڕێز سەرۆکوەزیرانەوە پێنەگات .

ئەیوب ڕەزا: چارەنووسیان چی دەبێت لەژێر سایەی ئەو پەستانەی کە هەیە، ئایا لە ناو حەشدا دەمێننەوە، کە چووەتە ناو  نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، یان بارێکی دیکەیان دەبێت؟

حوسێن موسەوی: نا ئەوان لە چوارچێوەی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی بەغدادن و بەشێکی دانەبڕاون لە حەشدی شەعبی .

ئەیوب ڕەزا: دکتۆر، لە جورفو نەداف چی ڕوویدا، ئەو شەوە سەختەی کە خەریکبوو ببێتە شەوی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حکومەت دا، چی ڕوویدا؟  

حوسێن موسەوی: زیاتر لە ڕووداوێک هەبوو، ئێستا بۆتی باس دەکەم، زۆر بە داخەوە بۆ هەندێک کەس و لایەن کە بە بەرنامە و پلان و بەشێوەیەکی هەڵەشە ڕەفتاریانکرد، بۆ دروستکردنی کێشە و ئاژاوە لە نێوان گروپەکان یاخود گروپەکان و  حکومەت دا یاخود گروپەکان و خەڵکی ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی، دەیانوویست لەسەر ئەم ئاوازە بیژەنن بۆیە دۆسیەی جورف نەداف تەنها وەکو تاکتیک بەکار هێنرا و ووستیان تاقی بکەنەوە بەو هیوایەی پێکدادان ڕووبدات لە نێوان برایانمان لە جورف نەداف و ئەو هێزانەی برابوونە ناوچەکە، بۆیە سەبارەت بە ئێمە و سەربازگەکانمان شاراوە نەبووە و نەک تەنها لای حکومەت تەنانەت هەموو کەس دەزانن نوجەبا لەکوێ یە، بۆیە ئێمە هیچ گرفتێکمان لەگەڵ ئەوەدا نیە، بەڵام هەندێک لایەن دەیانوویست پێکدادان ڕووبدات و دەستکەوتێک بە دەستبهێنن، بۆیە دەیانوویست کێشەیەک رووبدات و دواتر بڵاوی بکەنەوە و بڵێن ئەوەتا گروپەکان چوون بە گژی حکومەتدا یان دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت، دواتر وەبەرهێنانی سیاسی تێدابکەن  و دەستکەوت بە دەستبهێنن وەکو گووتم  دەیانوویست بەلا ڕێیدا بەرن لە کاتێکدا  ئێمە بەشێکین لەم حکومەتە و لێی جیا نابینەوە.

ئەیوب ڕەزا: بەڵام هەواڵەکان وابوون، کە گەنجەکانتان، چەکدارەکانتان هاتبوونە دەرەوە و هەڕەشەیان کردبوو و بە هێزەکەیان گوتبوو، ئەگەر لە نیو سعاتدا نەکشێنەوە، ئەوا لێیان دەدەن، ئایا ئەو زانیارییانە دروستبوون؟  

حوسێن موسەوی: ئەو زانیاریانە ڕاست نیە، بەڵێ بەڵێ دەمەوێت بۆتی ڕاستبکەمەوە، هەندێک دەیانوویست لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە زانیاری ناڕاست بڵاو بکەنەوە لە کاتێکدا بڵاوکراوەی حکومەتی عێراقی هەبووە و زۆر ڕوون و ڕاشکاو دەڵێت، هێزێکی ئەمنی هاتبوو بۆ پشکنیکی یەکێک لە بارەگاکان یاخود سەربازگەکان هاتبوون.

ئەیوب ڕەزا: درۆنی تێدابوو؟ ببورە کارگەی دروستکردنی تێدا بوو؟

حوسێن موسەوی: ئێمە دەستەوەستان نین بۆ ئەوەی شوێنی دروستکردنمان هەبێت یاخود نا، سوپاس بۆ خودا پێشکەوتنی زۆر باشمان بە دەستهێناوە ،بەرهەمهێنانمان بەردەوامە و بارودۆخمان زۆرباشە  بەڵام ئەو ناوچانە چۆڵن و  لەو کاتەدا هیچ شتێکی تێدا نەبووە، ڕووداوێکی دیکەش ڕوویدا و وویستیان بزوتنەوەی نوجەبا تێوە بگلێنن ئەو ئۆتۆمبێلەبوو کە پیشانیاندا و لە ناویدا چەندان  فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تێدابوو دەستیبەسەردا گیرا ، پلانەکەشیان ئەوەبوو نوجەبا  تێوەبگلێنن.

ئەیوب ڕەزا: لە کوێ ئەو ئۆتۆمبێلە دەستی بەسەردا گیرا؟

 حوسێن موسەوی: ئۆتۆمبێلەکە لە ناوچەیەک لە ناوچەکانی بەغداد دۆزرابووەوە و هەندێک لە  برایان گووتووبیان ئەم ئۆتۆمبێلە هی بزوتنەوەی نوجەبایە. بزوتنەوەی نوجەبا یەکێکە لەو بزوتنەوانەی کە زۆر ئاشتیخوازە، زۆریش بە  پەرۆشی ئاشتی و ئارامیە.

ئەیوب ڕەزا: قەیناکە لێرەدا ڕێم بدە، کە دەڵێیت ئێمە زۆر بێوەین، تۆزێک ڕاڤەی دەوێت؟

حوسێن موسەوی:  بەڕاستی ئاشتیخوازە بەو مانایەی ئەوەی پەیوەستبێت بە خەڵک و کۆمەڵگا و حکومەتەکەمان وپرۆسە سیاسیەکەی، بەڵام بەرامبەر بە دووژمن ئەوە شتێکی دیکەیە و ڕوویەکی دیکەی پیشان دەدەین، ئەمریکا و ئیسڕائیل دەستەوەستان بوون بۆ ڕێگری و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانمان.

ئەیوب ڕەزا: لێتان دان؟

حوسێن موسەوی:  بەڵێ هێرشمان کردووە و زیاتر لە 528 هێرشمان ئەنجام داوە.

ئەیوب ڕەزا: لە ناوەوە و دەرەوەی سنووردا؟

 حوسێن موسەوی:  بەڵێ، بۆسەر پێگەکانی ئەمریکاو هەروەها بۆ سەر ئیسڕائیل لە حەیفا و بەندەری ئیلات و  چەندین ناوچەی دیکە، بۆیە سەرکردایەتی ئەمریکا چەندین لایەنی ناوخۆی و لایەنی دەرەکی ناردووە تاوەکو دەستبەرداربین و نەبینە بەشێک لەو جەنگە و  بەتایبەت لەسەرەتایی جەنگ غەززەوە، ئێمە زۆر ڕوون و ڕاشکاو بووین .

ئەیوب ڕەزا: ئەی لەم گەڕەی دوایدا هێرشتان ئەنجام نەدا، یا خود ئەنجامتان دا؟ لە گەڕی پێشوودا، لەم گەڕەی دوایدا لە شەڕی 12 ڕۆژە و 40 ڕۆژەدا؟

حوسێن موسەوی: بەڵێ ئۆپەراسیۆن و چالاکیمان هەبووە بە درێژایی ئەم جەنگانەی دوایی.

ئەیوب ڕەزا: ئایا ئەو هێرشانەتان هەرێمی کوردستانی گرتەوە؟

حوسێن موسەوی: ئێمە باس لە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا دەکەین  و باس لە بوونی ئەمریکیەکان دەکەین بۆیە باس لە کۆمەڵگا و گەلەکەمان و ناوچەیەک ناکەین بۆیە بوونی  ئەمریکیەکان زیان دەگەیەنێت بە گەلەکەمان و عیراق و تەواوی ناوچەکە،  خەمی ئیمە تەنها دوورخستنەوەی ناوچەکانمانە لە بوونی ئەمریکیەکان و ئەگەر هێز نەبووایە ئەمریکا ناوچەکەی چۆڵ نە دەکرد و پاشەکشەی نەدەکرد و  سەربازگەکانی چۆڵنەدەکرد.

ئەیوب ڕەزا: خوێندنەوەتان چییە لەسەر بینینی هەرێمی کوردستان و دانیشتوانەکەی، یان سیاسەتمەدارەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئێوە و مقاوەمە؟

حوسێن موسەوی: ئێمە لەکاتی چاوپێکەوتن و گفتوگۆکانماندا لەگەڵ برایانی کورد و سەردان و بەسەرکردنەوەکاندا هەمیشە بیروبۆچوونی خۆمانمان پێگووتوون کە ئێمە مقاوەمەی هێزی داگیرکاری بیانی و دەرەکی دەکەین و هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردسانیش تیڕوانین و بیروبۆچوونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە مقاوەمە و پرۆسەی سیاسی لە عێراق، ئەوان بەبێ شک و گوومان دەیانەوێت لە کەشێکی  ئارام و سەقامگیردا بژین و ئێمەش بە هەموو توانامانە پاڵپشتیان دەکەین، بەڵام هەندێکیان پێیانوایە ڕەگەزی مقاوەمە هۆکاری لە ناوبردن و وێرانکاری وڵاتە.

ئەیوب ڕەزا: لە دیدارەکاندا ئەمەتان هەست پێکردووە لەگەڵ برایانی کورددا وەک دەڵێیت؟

حوسێن موسەوی: بەڵێ زۆرێک لە پەیام و نامەکان لە ئێستادا پێمان دەڵێت دەبێت کۆتایی بە  مقاوەمە بهێندرێت .

ئەیوب ڕەزا: مقاوەمە کۆتایی پێ بێت؟

حوسێن موسەوی: دەڵێن دەبێت کۆتایی بە مقاوەمە بهێندرێت و ئەمڕۆ حکومەتی عێراق توانای  پاراستنی تەواوی کۆمەڵگا و تائیفەکانی هەیە وهەروەها ئەمن و ئاسایش بەرقەرارە و دەتوانێت خۆی لە بەرامبەر هەموو ئاڵنگاری و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا  ببینێتەوە و ئاستی ئەدای حکومەتی عێراق لەو ئاستەدایە تەواوی خەڵکی عێراق  بپارێزێت .

ئەیوب ڕەزا: بەڵام ڕای ئێوە جیاوازە؟

حوسێن موسەوی: بەڵام بیرو بۆچوونی ئێمە جیاوازە، ئێمە پێمان وایە  و تۆش بیربکەرەوە ئایا فڕۆکە ئەمریکیەکان و ئیسڕائیلیەکان ڕۆژانە بەسەر ئاسمانی عێراقدا دەفڕن و ناتوانین چاودێری یاخود ئاشکرایان بکەین، چونکە عێراق ڕاکاری ئاشکراکردنی فڕۆکەی نیە و   هێزی بەرگری ئاسمانی عێراق خاوەنی سیستمێکی بەرگری نیە، ئەوەی هەمانە هەشت ڕادارە و دوو دانەی بۆردوومانکرا و شەش دانەشی هەلگیراوە و لە کاردا نیە و  بە فەرمانی ئەمریکیەکانیش هەڵگیراوە  باشە لەم بارودۆخەدا چۆن دەتوانیت ئاسمانەکەت بپارێزیت، چۆن دەتوانیت خەڵکەکەت بپارێزیت، بەڵام مقاوەمە کە بەڕووی داعشدا وەستایەوە چی کرد، تاوەکو کوێ ڕۆیشت و بە رووی تیرۆردا وەستایەوە، کەرکوکی لە دەستی داعش  سەندەوە و ناوچەکانی باکوریشی پاککردەوە و پاشان ڕووبەڕووی تیرۆریستان بووەوە لە موسڵ و تەنانەت نەیهێشت هەرێمی کوردستانیش بکەوێتە دەستی داعش و بەرگری لێکرد، بە پاڵپشتی و هاوکاری ئێران و ئەوەش بەڕێز مەسعود بارزانی خۆی گووتی و بە دەمی خۆی پشتڕاستیکردەوە، بارزانی گووتی لە ماوەی تەنها لە ماوەی  دوو کاتژمێردا بەرێز حاجی قاسم سولەیمانی فڕۆکەخانەی هەولێری بۆ پڕکردین لە چەک و تەقەمەنی و لە کاتێکدا ئەمریکیەکان بەڵێنی پێدانی چەکیان پێداین و دواتر گووتیان کۆنگرێس دەڵێت لە ماوەی چل ڕۆژ و زیاتردا چەکەکانتان دەگاتە دەست لە کاتێکدا تەنها مقاوەمە توانی خاکی عێراق بپارێزێت،  بەهیچ شێوەیەک جیاوازی ناکەین لە نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆڵەکانی هەرێمی کوردستان و سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕۆڵەکانی باشوور و سیستمی سیاسی عێراقدا و ئێمە وەکو مقاوەمە بەم ئاڕاستەیەکاردەکەین.

ئەیوب ڕەزا: ئایا بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، هاوڕێیانی چەکتان بەشدارییان کرد و ئەنجامی باشیان بەدەستهێنا، چ ئەوانەی چەکیان ڕادەستکردووە، یان ڕادەست نەکردووە؟

حوسێن موسەوی: لەکاتی ئێستادا هیچ پلانێکمان بۆ ئەو پڕۆسەیە نیە، تاوەکو ئەم ساتەوەختە مەیلی بەشداریکردنمان لە پرۆسەی سیاسیدا نیە، چونکە گرفت و کێشەی گەورە هەیە و نامانەوێت بەشێک بین لەو بابەتە و دەمانەوێت خۆشەوویستی خەڵکی  بۆخۆمان کۆبکەینەوە و دووربین لەو پرۆسە سیاسیە ونابینە بەشێک لەو  ناشەفافی و ناڕوونی و گەندەڵی دارایی و سیاسی و ئابوورییەو خۆمان و براکانمان لە نوجەبا  ببێتە بەشێک لەو گەندەڵی و نادادییەدا.

ئەیوب ڕەزا: دکتۆر حوسێن موسەوی گوتەبێژی فەرمیی بزووتنەوەی نوجەبا زۆر سوپاس بۆ ئەو کاتەی پێت بەخشیین.

  حوسێن موسەوی: زۆرسوپاستان دەکەم و ڕێز و سڵاوم بۆ خۆت و تەواوی بینەرانتان.

یاد نەوزاد

2 کاتژمێر پێش ئێستا