
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان ڕایگەیاند، عێراق دەیەوێت قەوارەی کورد بچوک بکاتەوە.
باکرهان دەشڵێت، پێویستە لە جیاتی جەنگ کورد و بەغداد دانوستان بکەن.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) بەپێویستی زانی عێراق نەکەوێتە ژێر هەژموون و کاریگەریی سیاسەتی وڵاتانی دیکە و لەسەر ئەو بنەمایە بە گژ کورددا بچێتەوە ، بەڵکو دەبێت ڕێزی پێگەی دەستووری کورد بگرێت.
کورد لە عێراق پێگەیەکی دەستووریی بە خەبات و ڕەنجی خۆی بەدەستهێناوە.
عێراق کە بەهۆی کێشەکانی نێو خۆیان هێشتا نەیانتوانیوە ببنە حکومەت و ببنە دەوڵەت، دەیەوێت پێگەی کورد بچووک بکاتەوە و لاوازی بکات.
کورد لەعێراق خاوەنی پێگەیەکە بە ناوی فیدراڵی. تا ئەمڕۆش بە باشی بەڕێوەی بردووە.
ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی عێراق ئەوە نییە بکەوێتە ژێر کاریگەری و هاندانی ترەمپ، یان خزمەت بە سیاسەتەکانی هەندێک هێزی ناوچەیی بکات کە کورد و گەلانی تری ناوچەکە ڕووبەڕووی یەکتر دەکەنەوە.
دەبێت ڕێز لەو پێگەیەی کورد بگیرێت کە لە دەستووردا دیاریکراوە. بەوشێوەیە عێراق یەکگرتوو دەبێت.
پێویستە دەوڵەتی عێراق خۆی لەو ڕێکارانە بەدووربگرێت کە زیان بە پێگەی کورد دەگەیەنن و قەوارەکەی بێمانا دەکەن.
عێراقێکی بەهێز و پێشکەوتوو، تەنیا بەوە دەبێت لەگەڵ کورددا لەئاشتیدا بێت. بانگەوازیشم بۆ کورد ئەوەیە، یەکگرتوو و یەکڕیز بن.
بانگەوازیشمان بۆ دەوڵەتی عێراق ئەوەیە: یاری بە پێگەی کورد مەکەن. لەجیاتی پێکدادان و جەنگ لەگەڵ کورد، دەبێت کێشەکان بە دیالۆگ و دانوستان و بە شێوەیەک کە لەگەڵ دەستووردا بگونجێت، چارەسەربکەن.
