فەرمانگەی میدیا و زانیاری: لە هەرێمی کوردستان 7 هەزار و 590 خوێندنگە هەیە

 یەکێک لە خوێندنگەکانی هەرێمی کوردستان لە کاتی ئامادەکاری بۆ کردنەوەی بە ڕووی خوێندکاراندا بۆ ساڵی نوێی خوێندن. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
یەکێک لە خوێندنگەکانی هەرێمی کوردستان لە کاتی ئامادەکاری بۆ کردنەوەی بە ڕووی خوێندکاراندا بۆ ساڵی نوێی خوێندن. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

پووختەی هەواڵەکە

  • سبەی یەکەم ڕۆژی وەرزی نوێی خوێندنی ساڵی 2026-2027 لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و تێیدا یەک ملیۆن و 750 هەزار خوێندکار ڕوو لە خوێندنگەکان دەکەن.
  • لە سەرجەم قۆناغەکاندا گۆڕانکاری لە 110 پەرتووکی خوێندندا کراوە بە پێنج زمان و شێوەزاری جیاواز، هاوکات نزیکەی 19 ملیۆن پەرتووکی نوێ چاپکراون و دابەشکراون.
  • کۆی گشتیی ستافی پەروەردە 176 هەزار و 735 کەسن و لە کابینەی نۆیەمدا دوو هەزار و 650 خوێندنگە نۆژەنکراونەتەوە و 236 خوێندنگە و باخچەی ساوایانیش دروستکراون.

سبەی یەکشەممە 20/9/2026 وەرزی نوێی خوێندنی ساڵی 2026-2027 لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، لە سەرجەم ناوەندەکاندا زیاتر لە یەک ملیۆن و 750 هەزار خوێندکار بەشداری دەکەن، هاوکات زیاتر لە دوو هەزار خوێندنگەش لە هەرێمی کوردستاندا نۆژەنکراونەتەوە.


ئامارە سەرەکییەکانی وەرزی نوێی خوێندن

  • ژمارەی خوێندکاران یەک ملیۆن و 750 هەزارە، کە زیاتر لە 123 هەزار خوێندکاریان لە پۆلی یەکەم تۆمارکراون و کۆی گشتیی خوێندنگەکانیش زیاتر لە حەوت هەزار و 590 خوێندنگەیە.
  • ژمارەی مامۆستایانی میلاک 107 هەزار و 426 مامۆستایە، مامۆستایانی گرێبەست 30 هەزار و 90 کەسن و فەرمانبەرانیش 31 هەزار و 219 کەسن، کە کۆی گشتیی ستاف دەکاتە 176 هەزار و 735 کەس.
  • نزیکەی 19 ملیۆن پەرتووکی نوێ چاپ و دابەشکراون، هاوکات لە سەرجەم قۆناغەکاندا لە 110 پەرتووک بە شێوەزارەکانی سۆرانی و بادینی و زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی، سریانی و تورکمانی گۆڕانکاری ئەنجامدراوە.
  • لە کابینەی نۆیەمدا تاوەکو ئەیلوولی 2026 لە سەرجەم ناوچەکان 236 خوێندنگە و باخچەی ساوایان دروستکراون، 476 پۆلی خوێندن زیادکراون و دوو هەزار و 650 خوێندنگەش نۆژەنکراونەتەوە.

وردەکاریی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن

لەسەر ئاستی پارێزگاکان، زۆرترین دروستکردنی خوێندنگە و باخچەی ساوایان لە دهۆک بووە بە 73 ناوەند، لە هەولێر 58، لە سلێمانی 47 و لە هەڵەبجەش پێنج ناوەند بووە، لە ئیدارە سەربەخۆکانیش لە سۆران و گەرمیان یەکی 17 ناوەند، زاخۆ 11 و ڕاپەڕین هەشت خوێندنگە و باخچە دروستکراون. هەروەها لە زیادکردنی پۆلەکانی خوێندندا سلێمانی بە 132 پۆل زۆرترین پشکی هەبووە، هەولێر 123، دهۆک 97 و هەڵەبجە 34 پۆلیان بۆ زیادکراوە. لە نۆژەنکردنەوەشدا پشکی شێر بەر سلێمانی کەوتووە بە نۆژەنکردنەوەی هەزار و 211 خوێندنگە، دهۆک 697، هەولێر 258، ڕاپەڕین 176، سۆران 86، گەرمیان 76، زاخۆ 72، هەڵەبجە 45 و کەرکووک 29 خوێندنگە.

زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە

سەرجەم ئەو گۆڕانکارییانەی لە 110 پەرتووکی پرۆگرامی خوێندندا ئەنجامدراون، بە تەواوی لەلایەن شارەزایان، مامۆستایان و پەروەردەکارانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بووە و هیچ تێچوویەکی دارایی نەبووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵانی پێشوودا دەستکاریکردن و گۆڕانکارییەکانی پڕۆگرامی خوێندن لەلایەن کۆمپانیاکانی دەرەوە و بە تێچوویەکی زۆری دارایی ئەنجام دەدران.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بودجەی 2027 و ساڵی خوێندن تاوتوێدەکات

وەزیرى پەروەردە: زیاتر لە 1 ملیۆن و 750 هەزار خوێندکار لە خوێندنگە حکومییەکاندا دەخوێنن

نرخی جلوبەرگی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێی خوێندن لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکراکرا

وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکاریی لە 110 کتێبی خوێندندا کردووە

Loading related news...