یەکگرتوو: کۆتایى بە قۆرخکارى بهێنرێت و چاکسازیی ڕاستەقینە لە سیستمی حوکمڕانیدا بکرێت

پووختەى هەواڵ

  • مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو بە سەرپەرشتیی ئەمینداری گشتیی حیزبەکە لە سلێمانی کۆبووەوە.

  • یەکگرتوو پارتى و یەکێتى بە بەرپرسیار دەزانێت و ڕەخنە لە پەکخستنى دامەزراوەکان دەگرێت.

  • یەکگرتوو پێشتر دەستپێشخەریی هەبوو، بڕیاری داوە هەنگاوى دیکە بگرێتە بەر.


مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەرپرسیارێتیی یەکەمی قەیرانەکان و دۆخی چەقبەستوویی سیاسی دەخاتە ئەستۆی پارتی و یەکێتی، ڕاشیدەگەیێنێت کە بڕیاریان داوە بۆ دەرچوون لەم دۆخە چەند هەنگاوێکی کردەیی بنێن.


مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو:

  • کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە قەیرانی سیاسی، ئابووری و کارگێڕیدا تێدەپەڕێت.

  • ئەمەش بووەتە هۆی سەختبوونی بژێویی هاونیشتمانییان و لاوازبوونی متمانە بە دامەزراوە فەرمییەکان.

پارتى و یەکێتى بەرپرسیارن

مەکتەبى سیاسیى یەکگرتوو، هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) بە بەرپرسیاری یەکەم و سەرەکى لە دۆخی چەقبەستوویی سیاسی، ئەگەری لەتبوونی هەرێمى کوردستان و لاوازکردنی زیاتری پێگە سیاسییەکەی دەزانێت و دەڵێت"چونکە جومگە سەرەکییەکانی حوکمڕانی و داهاتی ئەم وڵاتە لەژێر دەستی ئەواندایە".

داواکارییەکانى یەکگرتووی ئیسلامی:

  • كۆتاییهێنان بە قۆرخكاری.

  • پێویستە چیتر بەرژەوەندیی حیزبی و كەسی نەخرێتە پێش بەرژەوەندیی باڵای هاونیشتمانییان.

  • هەنگاوی جدی بنرێت بۆ شەفافییەت لە داهات و چاكسازی ڕاستەقینە لە سیستەمی حوكمڕانیدا.

  • پاراستنی قەوارەی هەرێمى کوردستان و شكۆی هاونیشتمانییەکانى لەسەرووی هەموو شتێكەوە بێت.

هەنگاوى کردەیى

مەکتەبى سیاسیى یەکگرتوو، داوا لە لایەنەکانى دەسەڵات دەکات بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و چیتر هاونیشتمانییانی کوردستان نەکەنە قوربانیی ململانێ حزبییەکانیان، "چونکە مێژوو و گەل ڕەحم بە کەس ناکەن".

لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە "مەکتەبی سیاسی بڕیاری وەرگرت بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە چەقبەستووەی کە هەیە چەند هەنگاوێکی کردەیی بنێت".

یەکگرتووى ئیسلامى لە خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان حەوت کورسى هەیە و ئۆپۆزسیۆنە، ئامادە نەبوو بەشداریى دانیشتنى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات.

مانگى ئایارى ئەمساڵ سەڵاحەدین بەهادین ئەمیندارى یەکگرتوو، دەستپێشخەرییەکى بۆ ڕێککەوتنى لایەنەکان ڕاگەیاند، بەڵام سەری نەگرت.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

لە دەباشانەوە دەستپێشخەرییەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان؛ ئایا چەقبەستوویی سیاسیی هەرێم کۆتایی دێت؟

Loading related news...