
لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی دوای بەزاندنی بەربەستی 160 هەزار دینار، بۆ خوار 158 هەزار دینار شکاوەتەوە و ڕێڕەوی بازاڕ پێچەوانە بووەتەوە. ئەم ئارامبوونەوەیە دوای زنجیرەیەک نادڵنیایی هات کە بەهۆی کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەختینە بۆ گەشتیاران و دەنگۆی سزاکانی دوای 30ـی ئەیلوول دروست ببوو، بەڵام ئامادەکارییەکان بۆ سەردانی واشنتن هاوکێشەکەی گۆڕی.
لە بەرامبەردا، بانکی ناوەندیی عێراق بەرزبوونەوەکە بۆ قۆرخکاری و قۆستنەوەی نائارامییە جیۆپۆلەتیکییەکان لەلایەن هەندێک لایەنەوە دەگەڕێنێتەوە و جەخت دەکاتەوە کە یەدەگی تەواوی بۆ پارەدارکردنی هاوردە، کارتە بانکییەکان و دۆلاری نەختینە بە نرخی فەرمی هەیە؛ هاوکات ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیران ڕایدەگەیەنێت دواکەوتنی بودجە هۆکاری ناجێگیریی نرخە و پێشبینی دەکات دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن و پەسەندکردنی بودجە، بەهای دۆلار بە شێوەیەکی پلەبەندی ڕوو لە دابەزینی زیاتر بکات.
سەرەڕای دابەزینی دوایین نرخ بۆ سنوری 158 هەزار دینار، بەڵام نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی هێشتا 132,000 دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێک؛ بەمەش جیاوازیی نێوان نرخی بازاڕی تەریب و نرخی فەرمی لە سەرووی 25 هەزار دینار ماوەتەوە، کە هۆکاری سەرەکیی مانەوەی گرانییە لە بازاڕی کاڵا و شمەکدا.


.jpg)