ئێران پلانێکی حەوت ڕۆژەی بۆ کردنەوەی گەرووی هوورمز بۆ ئەمریکا پێشنیاز کردووە
رێبوار حەمەوەیس 27 خولەک پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە
- ئێران پلانێکی حەوت ڕۆژەی بۆ کردنەوەی گەرووی هوورمز بۆ ئەمریکا پێشنیاز کردووە.
- عێراقچی: لە کۆتایی ڕۆژی حەوتەم دا گەرووی هوورمز دەکرێتەوە.
- عێراقچی: پێشنیازەکە زۆر نزیکە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە.
- عێراقچی: دوای حەوت ڕۆژەکە دانوستان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی دەستپێدەکات.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لە لوتکەی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، پێشنیازەکە هاوشێوەی ئەو خاڵانەیە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا دیاریکرابوون، کە لە مانگی حوزەیراندا لە نێوان ئەمریکا و ئێران واژۆکرا و بەخێراییش هەڵوەشایەوە.
پێشنیازەکەى عێراقچى
- عێراقچی: لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پلانێکمان پێشکەشی ئەمریکا کردووە، ئەگەر مەرجە دیاریکراوەکان بێنە دی، لە کۆتایی ڕۆژی حەوتەم دا، گەرووی هوورمز دەکرێتەوە و دانوستانەکان دەستپێدەکەنەوە."
- عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران ئامادەیە بەزوویی دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە بکات، ئەگەر واشنتن ڕەزامەندی لەسەر دەربڕێت.
- عێراقچی: باشتر دەبێت ئەگەر پێش هەڵبژاردنی نیوە خولی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ڕێککەوتن بکەن.
- بەگوتەی بەرپرسانی ئێران، پیشنیازەکە زۆر نزیکە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی مانگی حوزەیران، بەڵام بە جۆرێک داڕێژراوە خێراتر بەڕێوەبچێت.
- بە گوێرەی گوتەکانی عێراقچی، لە ژێر ئەو مەرجانەی ئێران دیاریکردووە، لە ماوەی ئەو حەوت ڕۆژەدا، هەموو شەڕ و پێکدادانەکان کۆتاییان پێدێت، بە لوبنانیشەوە.
- ئەمریکا سامانە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد دەکات، کە بە لایەنی کەمەوە بە 12 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
- سزاکانی سەر نەوتی ئێران لادەبات و گەمارۆی دەریایی سەر ئێران هەڵدەگرێت.
- لە کۆتا ڕۆژیشدا، گەرووی هوورمز دەکرێتەوە.
- پاشان دوای ئەو حەوت ڕۆژە، دانوستانی گشتگیر سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەستبەجێ دەستپێدەکات.
هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکی کە ئاگاداری دانوستانەکانە ڕایگەیاندووە، ئیدارەی ئەمریکا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە خەریکی گفتوگۆی ئەرێنی و بونیادنەرانەیە، بەڵام پەلە ناکات لە واژۆکردنی ڕێککەوتن.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
موجتەبا خامنەیی: واژۆی ترەمپ لەسەر یاداشتى لێکتێگەیشتنەکە هیچ بەهایەکى نییە
ڕێککەوتنى ئەمریکا و ئێران؛ چی دەزانیت دەربارەی بەندەکان و بۆچی مەترسییەکانی ماونەتەوە؟
رێبوار حەمەوەیس
27 خولەک پێش ئێستا