ڕێککەوتنى ئەمریکا و ئێران؛ چی دەزانیت دەربارەی بەندەکان و بۆچی مەترسییەکانی ماونەتەوە؟

ئاڵای ئەمریکا و ئێران لەسەر مێزی دانوستانەکان
ئاڵای ئەمریکا و ئێران لەسەر مێزی دانوستانەکان

پاش چەند هەفتەیەک لە شەڕ و هەڵکشانی نێوان ئەمریکا و ئێران، پاکستان ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنێک لە نێوان هەردوولادا کراوە، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە "ڕێککەوتنێکی گەورە" وەسفی دەکات کە دەبێتە هۆی "ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە".

وردەکارییە چارەسەرنەکراوەکان

بەڵام لە پشت ئەم ڕاگەیاندنە بەرفراوانەوە، وردەکارییە سەرەکییەکان تاوەکو ئێستا چارەسەرنەکراون، هەر لە میکانیزمەکانی کردنەوەی گەرووی هوورمزەوە، تاوەکو داهاتووی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا و تەنانەت پرسی ئەتۆمی ئێرانیش.

تاقیکردنەوەی بەرگەگرتنی فشارەکان

لە کاتێکدا پێدەچێت ڕێککەوتنەکە توانای کەمکردنەوەی گرژییەکانى لە بازاڕەکانی کەنداو و جیهانیدا هەبێت، بەڵام بەرەی لوبنان و هەڵوێستی ئیسرائیل سەبارەت بە بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنەکانی دژی حیزبوڵا، ڕەنگە جددیترین تاقیکردنەوە بۆ توانای بەرگەگرتنی فشارەکان پێکبهێنێت.

ڕاگەیاندنی ئەم ڕێککەوتنە دوای ئەوە هات پێدەچوو زنجیرەیەک هەوڵی درێژخایەنی ناتەواو بێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران.

ئەمریکا و ئێران و چۆن وەسفی ڕێککەوتنەکە دەکەن

هەردوولا پەلەیان کرد بۆ خستنەڕووی ڕێککەوتنەکە وەک سەرکەوتنێک؛ ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە، هاوکات کازم غەریبئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە ستایشکردنى دەستکەوتە سەربازییەکانی وڵاتەکەی، واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەی پشتڕاستکردەوە.

دیداری فەرمی نێوان شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، فۆتۆ: AFP

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کە وڵاتەکەی ڕۆڵی نێوەندگیری بینی، یەکەم کەس بوو کە ڕێککەوتنەکەی ڕاگەیاند.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێوڕەسمى فەرمی واژۆکردن لە ڕۆژی هەینی 19ـی حوزەیران لە وڵاتی سویسرا دەبێت.

بەڵام ڕۆژانی پێش واژۆکردنی فەرمی بێ مەترسی نین، چونکە هێشتا چانسی یەکلاییکردنەوەی وردەکارییە هەڵپەسێردراوەکان ماوە، هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە ڕێککەوتنەکە پێش ئەوەی بگاتە ئەو ساتە شکست بهێنێت.

هوورمز و گەمارۆی دەریایی: کەمکردنەوەی پەرەسەندنی ئابووری

لە لایەنە هەرە دیارەکانی ئەم ڕێککەوتنە، کردنەوەی گەرووی هوورمز بە ڕووی کەشتییە بازرگانییەکان و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێرانە. ترەمپ دەستەواژەی "با نەوتەکە بڕژێت!" لەسەر پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای خۆی، ئاماژەیە بۆ خواستی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی ڕۆیشتنی نەوت لە ڕێگەی یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانى ئاوی جیهان.

هەڵکەوتەی گەرووی هورمز
هەڵکەوتەی گەرووی هورمز

بەڵام ڕەنگە جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیە دەستبەجێ نەبێت. گەرووی هوورمز بۆ ماوەیەکی کورت بەشێوەیەکی کاریگەر داخراوە لە سەرەتای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 و تاران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی بە بەکارهێنانی ئەم ڕێڕەوی ئاوە گرنگە کردووە، کە بەشێوەیەکی ئاسایی نزیکەی 20%ـی نەوت و گازی سروشتی شلکراوی جیهان تێیدا تێدەپەڕێت.

بۆیە ڕەنگە هەڵگرتنی گەمارۆکە پرۆسەیەکی سیاسی بێت کە خێراتر بێت لە دەستپێکردنەوەی پراکتیکی کەشتیوانی. شارەزایانی بازاڕی وزە هۆشدارییان داوە هاتوچۆی نەوت لە ڕێگەی گەرووەکەوە دەستبەجێ ناگەڕێتەوە ئاستی پێش جەنگ بەهۆی پێویستی لابردنى مینەکان و چارەسەرکردنی کەڵەکەبوونى کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی ڕێکوپێک و گواستنەوەی کەشتیوانی.

بەگوێرەى خەمڵاندنەکان، گەڕانەوەی تەواو بۆ دۆخی ئاسایی ڕەنگە لە هەفتەیەکەوە تاوەکو مانگێک یان 45 ڕۆژ بخایەنێت، و لەوانەیە لە هەندێک سیناریۆدا زیاتریش بخایەنێت.

نەوت و بازاڕەکان: ڕزگاربوونێکی خێرا بەڵام ناتەواو

ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە دەستبەجێ لە بازاڕەکانی وزەدا ڕەنگدانەوەی هەبوو. هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بەڕێژەی 4.3% دابەزی و بوو بە 83 دۆلار و 55 سەنت، هاوکات نەوتی خاوی ئەمریکاش بەڕێژەی 4.9% دابەزی و بوو بە 80 دۆلار و 74 سەنت.

ژمارەیەک کەشتیی نەوتهەڵگر

ئەم دابەزینە دوای ئەوە هات نەوتی خاوی برێنت لە کاتی جەنگدا گەیشتە نزیکەی 120دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا پێش سەرهەڵدانی شەڕەکە نزیکەی 70 دۆلار بوو.

هەروەها بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبوونەتەوە و پێوەرەکانی نیکی ژاپۆن بەڕێژەی 4.7% بەرزبوونەتەوە و پێوەرەکانی کۆسپی لە کۆریای باشوور زیاتر لە 5.2% بەرزبوونەتەوە.

ئاسیا لەنێو ئەو ناوچانەدا بوو کە زۆرترین کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخی وزەی لەسەر بوو، ئەمەش بەهۆی پشتبەستنی زۆر بە نەوت و گازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

بەڵام ئەم ڕزگاربوونە بە مەرج دەمێنێتەوە. نەبوونی وردەکاری سەبارەت بەو شتانەی کە لەسەری ڕێککەوتن کراوە، دەتوانێت بازاڕەکان بە دڵەڕاوکێ و ناجێگیر بهێڵێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هوورمز دوا بکەوێت یان ئاستەنگی ئەمنی نوێ لە کەنداو یان لوبنان سەرهەڵبدات.

دۆسیەى ئەتۆمی: هەستیارترین و کەمترین شەفافییەت

لە ڕوانگەی ئەمریکاوە، گرینگترین خاڵ لە هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا ڕێگرییە لەوەى ئێران چەکى ئەتۆمى بەدەستبهێنێت.

دیمەنێک لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئاسمانەوە
دیمەنێک لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئاسمانەوە

بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکان هەر ماون. سنووردارکردنەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم چین؟ عەمبارکردنی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران چی بەسەر دێت؟ واشنتن چ میکانیزمێکی پشتڕاستکردنەوە بەکاردەهێنێت؟

ئەم پرسانە هێشتا بە ئاشکرا چارەسەر نەکراون و چاوەڕوان دەکرێت لە دانوستانەکانی دواتر و "گفتوگۆ تەکنیکییەکان" لە ماوەی درێژکردنەوەی ئاگربەستی ئێستا بۆ ماوەی 60 ڕۆژ تاوتوێ بکرێن.

هەڵوێستی ئێران زیاتر پرۆسەکە ئاڵۆزتر دەکات. ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند، "دانوستانە کۆتاییەکان دوادەخرێن تاوەکو ئەو کاتەی لایەنی بەرامبەر ئەرکەکانی خۆی بەگوێرەى یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن جێبەجێ دەکات".

ئەمەش بەو مانایەیە کە تاران ڕەنگە هەر سازشێک یان ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی بە واشنتنەوە ببەستێتەوە کە سەرەتا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بەتایبەتی سەبارەت بە گەمارۆی دەریایی یان کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان.

لوبنان: بەرەیەک بۆ تاقیکردنەوەى ڕێککەوتنەکە

پێدەچێت بەرەی لوبنانی یەکێک لە لاوازترین ئەڵقەکانی ڕێککەوتنەکە بێت.

هەرچەندە ڕێککەوتنەکە وەک هەنگاوێکی بەرفراوانی ناوچەیی دەخرێتەڕوو، بەڵام تاوەکو ئێستا کاریگەرییەکانی بۆ لوبنان ڕوون نییە. شەهباز شەریف باسی لەوەشکرد، لە ڕێککەوتنەکەدا داوای "دەستبەجێ و هەمیشەیی ڕاگرتنى جەنگ لە هەموو بەرەکانەوە دەکات".

دیمەنی بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان. فۆتۆ: AFP

لە لوبنان، نەبیە بەڕی، سەرۆکی پەرلەمان، دیارترین هاوپەیمانی سیاسی حیزبوڵڵا، پێشوازی لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد و هستایشى ەوڵەکانی پاکستان، قەتەڕ، سعودیە و میسری بۆ گەیشتن بەم لێکتێگەیشتنە کرد.

سوپاسى ئەمریکا و ئێرانى کرد بەوەى وەستاندنی "دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان"یان وەک بڕگەیەک داناوە.

بەڵام پێدەچێت ئەم ئامانجە وەک "کارێکی قورس" بێت، چونکە بنیامین نەتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێشتا هیچ ئامادەیییەکی پیشاننەداوە بۆ ڕاگرتنی هێرشی ئێستای ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵا.

ئیسرائیل: لایەنی سێیەمی ڕانەگەیێنراوی ڕێککەوتنەکە

هەرچەندە ئەم ڕێککەوتنە وەک لێکتێگەیشتنێک لە نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری پاکستان ڕاگەیێنرا، بەڵام بە کردەوە شەڕەکە ململانێیەکی سێ لایەنە بوو. ئیسرائیل یاریزانێکی سەرەکی بوو لە هێرشەکانی دژی ئێران و لە ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوامەکانی لوبنان.

ترەمپ بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی بەریتانی ڕاگەیاندووە، لە کۆتایی هەفتەدا لە نەتانیاهوو تووڕە بووە بەهۆى فەرمانى هێرشکردنە سەر لوبنان، بۆچوونى وابوو دەکرا ڕێککەوتنی ئێران بخاتە مەترسییەوە. هەرچەندە ڕێککەوتنەکە ئەوەندە ماوە کە بە فەرمی ڕابگەیێنرێت، بەڵام ئیسرائیل وەک هۆکارێکی چارەنووسساز لە داهاتووی ئاگربەستەکەدا دەمێنێتەوە.

ئەمەش بەو مانایەیە کە هەر هەڵکشانێکی نوێی ئیسرائیل لە لوبنان ڕەنگە تەنیا لە گۆڕەپانی لوبناندا قەتیس نەمێنێتەوە، بەڵکو ڕەنگە پاڵ بە ئێرانەوە بنێت بۆ هەڵسەنگاندنی پابەندبوونەکانی، بەتایبەتی سەبارەت بە هوورمز و ئاگربەستی فراوانتر.

کەنداو: ئاسودەیەک دواى مەترسى مووشەکەکان

بۆ دراوسێ عەرەبەکانی ئێران لە کەنداو، ڕەنگە ئەم ڕێککەوتنە هەستێکی ئاسوودەیی دروست بکات، هەرچەندە کاتییش بێت، چونکە ڕەنگە کۆتایی بە هەڕەشە مووشەکییەکانى ئیران بهێنێت.

کەنداوى عەرەبى و گەرووى هورمز

لە کاتی شەڕدا ئەم هەڕەشەیە پرسیاری قووڵتری لەسەر مۆدێلی ئابووری لە وڵاتانی وەک ئیمارات و قەتەڕ و سعودیە دروست کرد کە پشت بە سەقامگیری و وەبەرهێنان و فڕۆکەوانی و وزە و خزمەتگوزارییە داراییەکان دەبەستن.

بەڵام ئەم هەستکردنە ئارامییە بەندە بە توانای بەرگەگرتنی ڕێککەوتنەکەوە. ئەگەر مەرجەکانی بە ناڕوونی بمێنێتەوە، یان ئەگەر بە خێرایی جێبەجێ نەکرێت، یان ئەگەر بەرەی لوبنان جارێکی دیکە تەقیەوە، دەوڵەتانی کەنداو دەتوانن خۆیان لەبەردەم شەپۆلێکی نوێی دڵەڕاوکێی ئەمنی و ئابووریدا ببیننەوە.

ترەمپ: قازانجی سیاسی و تەڵەى ناوخۆیى

لە ناوخۆشدا ترەمپ ئەو ڕێککەوتنە وەک دەستکەوتێکی سیاسی و ئابووری دەخاتەڕوو، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فشارانەی بەهۆی شەڕ و بەرزبوونەوەی نرخی وزە دروست بووە. جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، پەیامی سەرەکی بۆ ئەمریکییەکان "سوپاس"ـە، بەڵێنیدا نرخی وزە دەست بە دابەزین دەکات.

بەڵام مەرج نییە کاریگەرییەکەی لەسەر بەکارهێنەرانی ئەمریکی دەستبەجێ بێت. گەڕانەوە بۆ ڕەوتی ئاسایی نەوت کاتێکی دەوێت و ڕەنگە دابەزینی نرخەکان لە بازاڕە جیهانییەکان بە خێرایی نەگۆڕێت بۆ دابەزینی بەرجەستە لە تێچووی ژیان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا

ئەمەش لە کاتێکدایە ترەمپ و پارتەکەی ڕووبەڕووی فشاری سیاسیی زیاتر دەبنەوە، ڕاپرسییەکی یوگۆڤ دەریخستووە کە لەسەدا 63ـی ئەمریکییەکان مامەڵەی ئەو لەگەڵ ئابووریدا پەسەند ناکەن، لەکاتێکدا لەسەدا 57ـى ئەمریکییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئابوورییەکەی بەرەو خراپتر دەڕوات.

بۆیە ڕەنگە ڕێککەوتنەکە پانتایی سیاسی کاتی بە ترەمپ ببەخشێت، بەڵام مەترسیەکان بەتەواوی لەناو نابات، چ لەناو ئەمریکا و چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ناڕوونییەکانى ڕێککەوتنەکە

ئەوەی تاوەکو ئێستا دەیزانین ئەوەیە کە ڕێککەوتنەکە چوارچێوەیەک بۆ ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و کردنەوەی گەرووی هوورمز و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران و درێژکردنەوەی دانوستانە تەکنیکییەکان لەسەر هەستیارترین بابەتەکان لەخۆدەگرێت کە لە پێش هەموویانەوە دۆسیەى ئەتۆمییە.

هەروەها دەزانین کە بڕیارە لە ڕۆژی هەینی 19ـی حوزەیران گرێبەستی فەرمیی لە سویسرا واژۆ بکرێت.

بەڵام ئەوەی ئێمە نایزانین هێشتا گرنگترە: چۆن ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت؟ گرەنتیەکان چین؟ ئیسرائیل چی لە لوبنان دەکات؟ ئێران چی بە جێبەجێکردنی بەڵێننامەکانی واشنتن بە تەواوی دەزانێت؟

لە نێوان ئەم پرسیارانەدا، پێدەچێت ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان، بەڵام هێشتا یەکلاییکردنەوەی تەواوەتی نییە.

سەرچاوە: بی بی سی