لوتکەی سێقۆڵی لە ڕیاز؛ سعودیە، تورکیا و پاکستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حووسییەکان کۆدەبنەوە

محەمەد عەلی 48 خولەک پێش ئێستا
کۆبوونەوەی هاوبەشی سوپاسالاری تورکیا و پاکسنان و سعودیە
کۆبوونەوەی هاوبەشی سوپاسالاری تورکیا و پاکسنان و سعودیە

پووختەی هەواڵەکە

  • کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتننامەی مەککە لە ڕیاز بەڕێوەدەچێت
  • شەڕ و پێکدادانی نێوان سعودیە و حووسییەکان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەیە
  • هەنگاوەکانی پرۆسەی بە دامەزراوەییکردنی هاوپەیمانییەکە دەخرێنە بەرباس
  • فراوانکردنی هاوپەیمانییەکە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانە

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی هاوپەیمانی مەککەدا، کە یەکێکە لە گرنگترین میکانیزمەکانی بڕیاردان لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەکەدا، جگه لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی، سوپاسالارانی هەرسێ وڵات و نوێنەرانی دیکەی سەربازیش بەشداریی دەکەن و تاوتوێی مەترسی حووسییەکان دەکەن.


هەڵکشانی مەترسییەکانی حووسییەکان

لە کۆبوونەوەی یەکەمی لیژنەکەدا، کە 31ـی ئاب لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، هەنگاوە پێویستەکان بۆ بەدامەزراوەییکردنی هاوپەیمانیی مەککە تاوتوێ کرابوون.
چاوەڕوان دەکرێت لەم کۆبوونەوەیەشدا پێداچوونەوە بە پرۆسەکەدا بکرێت، بەڵام تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە هەڵکشانی هێرش و پێکدادانەکانی نێوان سعودیە و حوسییەکانی یەمەنە کە سەر بە ئێرانن.
ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، هەفتەی ڕابردوو لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، هاوبەشانی هاوپەیمانیی مەککە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ تاوتوێکردنی پرسی گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکە لە ڕیاز ڕێکدەخەن.
سوپاسالارانی هەر سێ وڵاتەکە لە 25ـی ئەیلولدا جارێکی دیکە لە ڕیاز کۆبوونەوە و بەتایبەتی ڕەهەندە سەربازییەکانی گرژییە بەردەوامەکانیان لەگەڵ حوسییەکان و ئەو هەنگاوانەیان تاوتوێکرد کە وەک هاوپەیمانییەک دەکرێت، بیانهاوێژن.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، لە ڕاگەیێندراوەکانی مانگی ڕابردوویدا ئاماژەی بەوەکردبوو، وڵاتەکەی دەتوانێت لە بابەتە تەکنیکییە سەربازییەکاندا پشتگیری پێشکەشی ڕیاز بکات.

ئایا تورکیا پشتگیریی سەربازیی سعودیە دەدات؟


کۆبوونەوەی لیژنەکە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە زیادیان کردووە، بەتایبەت وادەی ئەم کۆبوونەوەیە سەرنجڕاکێشە چونکە لە کاتێکدایە کە جگە لە ژێرخانی ستراتیژیی وزەی هاوشێوەی ئارامکۆ، بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی ڕیاز، ناوچە و شوێنە پیرۆزەکانی مەککە و مەدینەش لە هێرشەکاندا بە ئامانج گیراون.

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە میدیای عەرەبیدا بڵاوکراونەتەوە، سعودیە سەرگەرمی ئامادەکارییە بۆ وەڵامدانەوەیەکی توندی سەربازیی حوسییەکان و کۆمەڵێک بژاردە هەڵدەسەنگێنێت کە ئامانجیان جگه لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی یەمەن، دابینکردنی ئاسایشی دەریاییشە لە دەریای سووردا.

ئاماژە بەوەشکراوە، سعودیە بۆ دابینکردنی پشتگیریی سەربازی لە هێرشێکی ئاسمانیی پێچەوانەی گریمانەکراودا پەیوەندی بە ئەمریکاوە کردووە، بەڵام وەڵامێکی ئەرێنی لە واشنتنەوە وەرنەگرتووە.

چاوەڕوان دەکرێت لە کاتی کۆبوونەوەی لیژنەکەدا تەواوی ئەم پێشهاتانە تاوتوێ بکرێن، بەڵام نازانرێت ئایا سعودیە بە فەرمی داوای پشتگیریی سەربازی لە هاوپەیمانە نوێیەکانی دەکات یان نا، لە حاڵەتی داواکردنی ئەو پشتگیرییەشدا پاکستان و تورکیا چ وەڵامێک دەدەنەوە.

تورکیا لە ڕاگەیێندراوە فەرمییەکانیدا لەوبارەیەوە، هێرشەکانی حوسییەکانی سەرکۆنە کردووە، داوای کردووە دەستبەجێ کۆتاییان پێ بهێنرێت و ئاماژەی بە مافی سعودیە کردووە بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەی.

بۆچوونی ئەردۆغان چۆنە؟

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەمیانی چاوپێکەوتنێکی مانگی ئەیلوولدا لەگەڵ گۆڤاری نیوزویکدا، ئاماژەی بەوە کردبوو، دەکرێت پشتیوانیی سەربازیی بۆ سعودیە بەگوێرەی قەبارەی ئەو هەڕەشەیەی سعودیە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، پێشکەشبکرێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، چاوەڕوان دەکرێت هاکان فیدان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا هاوبەشی و پشتگیریی بەهێزی تورکیا لە بەرامبەر هێرشی حووسییەکان بۆ سەر سعودیە دووپات بکاتەوە و جەخت لەوە بکاتەوە، کارە تێکدەرانە و ئاژاوەگیڕییەکان بەرامبەر شوێنە پیرۆزەکان قبووڵکراو نین.

سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت فیدان ئاماژە بەوە بکات چارەسەرکردنی ململانێکانی ناوچەکە بە ڕێگەی ئاشتییانە لە پێشینەی کارەکانە و دەبێت هەمووان خۆیان لەو کردەوانە بە دووربگرن کە دەبنە هۆی ئاڵۆزترکردنی گرژییەکان.

لە هەمان چوارچێوەدا، چاوەڕوان دەکرێت وەزیری دەرەوەی تورکیا جارێکی دیکە جەخت لە گرنگیی دابینکردنی ئازادیی کەشتیوانی و ئاسایش لە ڕێگە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندا بکاتەوە.

تورکیا ئارەزووی بەشداریکردنی لە هاوپەیمانیی دەریای سوور بە ڕێبەرایەتیی سعودیە نیشانداوە و بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی لەوبارەیەوە ناردووەتە کۆبوونەوەکان لە ڕیاز. هاکان فیدان، ڕایگەیاندبوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ڕێنمایی داوە پشتگیریی سعودیە لەو بابەتەدا بکرێت.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، فیدان لە کۆبوونەوەکەدا ڕوانگەی ئەنقەرە سەبارەت بە بەدامەزراوەییکردنی هاوپەیمانیی مەککە دەگەیەنێت.

لە کۆبوونەوەی یەکەمی لیژنەکەدا، بڕیار درابوو سکرتاریەتیی گشتیی هاوپەیمانییەکە لە ڕیاز دابمەزرێنرێت و ئەوەش خرابووە بەرباس، نوعمان مەحمود بە پلەی لیوا، کە ئەفسەرێکی خانەنشینی سوپای پاکستانە، ئەرکەکەی بدرێتێ و ببێتە سکرتێری گشتی.

ئایا هاوپەیمانییەکە فراوان دەکرێت؟

هاوکات فراوانبوونی هاوپەیمانیی مەککە لە نێو ئەو بابەتانەدایە کە لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێ دەکرێن. بەرپرسانی پاکستان ڕایانگەیاندبوو، شەش وڵات ئارەزوویان بۆ بوونە ئەندام و بەشداریکردن نیشان داوە. بەڵام هەر سێ وڵاتە دامەزرێنەرەکە، بەر لە تەواوبوونی بەدامەزراوەییکردنی هاوپەیمانیی مەککە، دژی وەرگرتنی ئەندامی نوێن.

چاوەڕوان دەکرێت ئەو کێشانەی بەهۆی بێئەنجامبوونی دانوستانەکانی ئاشتیی نێوان ئێران و ئەمریکاوە سەریان هەڵداوە، و ئەو گرفتانەی لە تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا لە گەرووی هورمز ڕوودەدەن تاوتوێ بكرێن.

ڕێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەش کە بناغەی هاوپەیمانیی مەککە پێكدەهێنێت، ئامانجی بەهێزکردنی ئاسایشی تورکیا، پاکستان و سعودیەیە لە ڕێگەی ڕێگریکردنی هاوبەش و بەرگرییەوە. بەگوێرەی ڕێککەوتننامەکە، هێرش بۆ سەر یەکێک لە ئەندامان وەک هێرش بۆ سەر هەر سێ ئەندامەکە وایە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

ڕێککەوتنی مەککە؛ تورکیا، پاکستان و سعودیە هەماهەنگیی سەربازی دەکەن

ڕێککەوتننامەی مەککە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ سوپاسالارانی سێ وڵات کۆبوونەوە

محەمەد عەلی

48 خولەک پێش ئێستا