
ئەحمەد مام ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری کاروباری زیندانییانی سیاسی لە وەزارەتى کاروبارى شەهیدان لە بەغدادەوە بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، "نیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر 12:00 لەگەڵ نزار ئامێدى سەرۆککۆمارى عێراق کۆدەبینەوە تایبەت بە پاڵپشتیکردن و پشتیوانیى سەرۆککۆمار بۆ دۆسیەى زیندانیانى سیاسی و جێگیرکردنى مینحەکانیان لە پڕۆژە بودجەى 2027ـى عێراق".
ئامانجى وەزارەتى کاروبارى شەهیدانى هەرێمى کوردستان ئەوەیە، زیندانییانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، کە پێشتر دۆسیەى 25 هەزار و 868 زیندانیی سیاسی بۆ هاوتاکردن ڕادەستی دەستەی عێراقی کراوە، مینحەیان وەک زیندانیانى سیاسیی عێراق بۆ دابین بکرێت.
لە عێراق 158 هەزار زیندانى سیاسیی مینحە وەردەگرن و بەسەر سێ پۆلدا دابەشکراون، پۆلى یەکەم 400 هەزار دینار، پۆلى دووەم 800 هەزار دینار و پۆلى سێیەم یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار وەردەگرن.
شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدادە؛ دۆسییەی زیندانیانی سیاسی دەخرێتە ناو بودجەی 2027

