چۆن خەمۆکیی کاتی دووگیانی چارەسەر دەکرێت؟
نۆ مانگی دووگیانی قۆناغێکی هەستیاری ژیانی خانمانە، کە تێیدا چەندین گۆڕانکاری هۆرمۆنی، جەستەیی و تەنانەت دەروونیش لە ژیانی خانمەکەدا روودەدەن. پەشێوییە دەروونییەکانی دووگیانی، بەو حاڵەتانە دەگوترێن کە لە ماوەی دووگیانی یان تاوەکو ساڵێک پاش لە دایکبوونی منداڵەکە روودەدەن.
پەشێوییە دەروونییەکانی وەکو دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و خراپبەکارهێنانی کارتێکەرە عەقڵییەکان باوترین ئەو حاڵەتانەن کە لەکاتی دووگیانیدا روودەدەن. بە نزیکەیی لە هەموو حەوت خانمێکی دووگیاندا، یەکێکیان تووشی خەمۆکیی کاتی دووگیانی دەبێت. هەرچەندە ئەم حاڵەتە زۆرجار وەک خەمۆکیی پاش دووگیانی ناودەهێنرێت، بەڵام لە راستیدا دەکرێت لە کاتی دووگیانیشدا، پێش لە دایکبوونی منداڵەکە، رووبدات.
دوو لەسەر سێی ئەو خانمانەی تووشی خەمۆکیی کاتی دووگیانی دەبن، لەگەڵ خەمۆکییەکەیاندا حاڵەتێکی دەروونی تریشیان هەیە وەکو دڵەڕاوکێی گشتی، نۆبەی تۆقین، فۆبیای کۆمەڵایەتی و پەشێویی وەسواسی. هەرچەندە حاڵەتەکە زۆر باوە، بەڵام زۆرینەی نەخۆشەکان لەکاتی تووشبوون بە نیشانەکاندا، سەردانی پزیشک ناکەن و نەخۆشییەکەیان دەستنیشان ناکرێت، ئەمەش کاریگەری نێگەتیڤ لەسەر ژیانی دایکەکە و کۆرپەلەکەش دروستدەکات.
لە مانگی شەشی ساڵی 2023دا، کۆلێجی ئەمریکیی پزیشکانی ژنان و منداڵبوون کۆمەڵێک رێنمایی نوێی بڵاوکردەوە بۆ پشکنینی پێشوەختەی خەمۆکیی کاتی دووگیانی. بەگوێرەی رێنماییە نوێکان، خانمان پێویستە لە ماوەی دووگیانیدا، دوو جار پشکنینی پێشوەختەی خەمۆکی بکەن، جارێک لە یەکەم سەردانیاندا و جارێکی تریش لە هەر کاتێکی تری نۆ مانگەکەدا، هەروەها پاش لە دایکبوونی منداڵەکەش، پێویستە خانمان جارێکی تر پشکنین ئەنجامبدەنەوە و دڵنیاببنەوە لە هەبوون یان نەبوونی نیشانەکانی خەمۆکی.
پشکنینی پێشوەختەی خەمۆکی بە چەند رێگەیەک ئەنجامدەدرێت، ئەویش لە رێگەی کۆمەڵێک پرسیاری ئامادەکراوەوە کە خانمانی دووگیان بە ژمارە وەڵامی دەدەنەوە، پرسیارەکان تایبەتن بە نیشانەکانی وەکو بێتاقەتی، بیرکردنەوە لە خۆئازاردان، چێژوەرنەگرتن لەو شتانەی کەسەکە پێشتر چێژی لێوەرگرتوون و بیرکردنەوە لە خۆکوژی، بۆ هەر یەکێک لەم نیشانانە، خانمەکە بەگوێرەی قورسی نیشانەکەی، بە ژمارەیەک وەڵام دەداتەوە، بۆ نموونە لە وەڵامی پرسیاری ''ئایا لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا هەستت بە بێتاقەتی کردووە؟'' خانمەکە دەتوانێت ژمارە سفر هەڵبژێرێت گەر بێتاقەت نەبووبێت و ژمارە چوار دابنێت گەر بێتاقەتییەکی زۆری هەبووبێت و زۆربەی رۆژەکانی هەفتە بەو جۆرە بووبێت.
گرنگی ئەمجۆرە پشکنینانە ئەوەیە خانمان پێویست ناکات بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەیان سەردانی پزیشکی دەروونی بکەن، بەڵکو هەر لەکاتی سەردانکردنی پزیشکەکەیاندا، پشکنینی پێشوەختەیان بۆ دەکرێت و گەر نیشانەکانی خەمۆکیی کاتی دووگیانیان هەبێت، پزیشکەکەیان رێنماییان دەکات بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی پزیشکی دەروونی بکەن، کە دەکرێت چارەسەری دەروونی بێت لەرێی ئاخاوتنەوە یان چارەسەر بەو دەرمانانەی لەکاتی دووگیانیدا بێزیانن. لەرێی ئەم پشکنینە پێشوەختانەوە، خانمان دەتوانن دڵنیاترببنەوە لە پاراستنی تەندروستی خۆیان و کۆرپەلەکەیان لەکاتی دووگیانی و قۆناغی پاش لەدایکبوونی کۆرپەکەشدا، چونکە جگە لە پشکنینە جەستەییەکان و تەندروستیی جەستە، پشکنینی دەستنیشانکردن و چارەسەری پەشێوییە دەروونییەکانیش، بەشێکی گرنگی تەندروستیی کاتی دووگیانییە.
07/12/2023