دیموکراتەکان زۆرینەى کورسییەکانى ئەنجوومەنى پیرانیان بەدەستهێنا

پووختەى هەواڵ

  • دەنگدان کۆتایى دێت و جیاکردنەوەى دەنگەکان بەردەوامە و گۆڕانکارى لە ئەنجامەکان ڕوودەدات.

  • تاوەکو ئێستا دیموکراتەکان زۆرینەى ئەنجوومەنى پیرانیان بردووەتەوە.

  • ترەمپ دانى بە شکستى کۆمارییەکان ناوە و ئامادەیە بۆ کارکردن لەگەڵ دیموکراتەکان.


پڕۆسەی جیاکردنەوەى دەنگەکانی هەڵبژاردنی نیوە خولی ئەمریکا بەردەوامە و هەر 30 بۆ 60 خولەکێکیش دەنگدان لە ویلایەتێکی ئەمریکا کۆتایی دێت و تاوەکو ئێستاش دیموکراتەکان لە پێشەوەن و زۆرینەى کورسییەکانى ئەنجوومەنى پیرانیان بەدەستهێنا و تاوەکو ئێستا 51 کورسییان بردووەتەوە لە کۆى 100 کورسی.

خولەک لە دوای خولەک دەرئەنجامەکان دەگۆڕێن بە گشتی تاوەکو ئێستا دەنگ و کورسی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنى نوێنەران و ئەنجوومەنى پیران و حاکمی ویلایەتەکانیش پێش کۆمارییەکان کەوتووە، بەڵام هێشتا پرۆسەکە بەردەوامە و ئەگەرى گۆڕانکارى هەیە.


ئەنجامە بەراییەکان

ئەنجوومەنى نوێنەران:

کۆمارییەکان 128 کورسى

دیموکراتەکان 215 کورسى

ئەنجوومەنى پیران:

کۆمارییەکان 41 کورسى

دیموکراتەکان 53 کورسى

لەبارەى پرۆسەکەوە

  • کاتژمێر 7 بە کاتی هەرێمی کوردستان دەنگدان لە کالیفۆرنیا، واشنتن، ئایداهۆ و ئۆریگن کۆتایی هات.

  • کۆتا ویلایەتیش کە هەڵبژاردن تێیدا کۆتایی هات ویلایەتى ئالاسکایە لە کاتژمێر 9ـى بەیانی بە کاتى هەرێمى کوردستان.

  • لە ئەمریکا شتێکی نامۆ نییە کە پارتی سەر دەسەڵات و سەرۆکی وڵاتیش هەڵبژاردنەکانی نیوە خولی وڵاتەکە بدۆڕێنن.

  • بەشێوەیەکی ئاسایی ئەمریکییەکان لە پارتی دەسەڵات تووڕە دەبن و بۆ سزادانییان دەنگدەدەن بە پارتی بەرامبەر، ئەمەش ئەو سیناریۆیەیە کە ڕەنگە لەم هەڵبژاردنەش ڕووبدات.

  • لە ساڵەکانی 2006، 2010، 2014 و 2018 ئەمەڕوویدا، کاتێک پارتی سەر دەسەڵات نەیتوانی هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی وڵات بباتەوە و هەر لە کۆنگرێس زۆرینە بێت.

  • بەڵام ساڵی 2022 لەو کاتەی جو بایدن سەرۆکی ئەمریکا بوو، دیموکراتەکان توانیان پارێزگاری لە زۆرینەی کۆنگرێس بکەن.

ترەمپ قسەى کرد

  • دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز:

  • بە دڵنیایەوە ئامادەم تاوەکو دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی نیوە خولی ئەمریکا قبوڵ بکەم.

  • لەگەڵ دیموکراتەکان کار دەکەم و بە پەرۆشیشم تاوەکو کاریان لەگەڵ بکەم.

سەرۆکی ئەمریکا شکستی کۆمارییەکانی لە هەڵبژاردنەکانی نیوە خولی ئەمریکا گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو ناوی لەسەر کارتی دەنگدانەکان نەبووە، باسی لەوەش کردووە کە ئەو هیچ پەشیمان نەبووە لە پاڵپشتیکردنی بەربژێرە دڵخوازەکانی ئەوانەشی دەرنەچوون.

ترەمپ لە کاتی چاودێری کردنی دەرچوونی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە کۆشکی سپییەوە قسەی بۆ نیویۆرک تایمز کردووە و لە بەشێک لە قسەکانی ئاماژەى بەوەکردووە، سەرى سوڕماوە لە دۆڕاندنی دارلین گراهام خوشکی لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆچکردووى کۆمارییەکان.

Loading related news...