پرسى کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان لە پەرلەمانى عێراق تاوتوێدەکرێت

کەناڵ8 10/02/2024
دانیشتنێکى پەرلەمانى عێراق.
فۆتۆ: راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق
دانیشتنێکى پەرلەمانى عێراق. فۆتۆ: راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە و 103 پەرلەمانتاریش واژۆیان کردووە کە پرسى کشانەوەى هێزەکانی هاوپەیمانان، بخرێتە بەرنامەى کاری کۆبوونەوەکەوە.

لە یاداشتێکدا کە واژۆى 103پەرلەمانتارى لەسەرە و ئاراستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان کراوە داوایانکردووە پرسى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا بخرێتە بەرنامەى کار.

ڤیان سەبرى، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان لەپەرلەمانى عێراق، بەکەناڵ8ى گوت "کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر ئەو هێرشانەى دەکرێنە سەر سەروەریى عێراق و هیچ یاسایەک نەهاتووە بۆ دەرکردنى هێزە بیانیەکان و هێزەکانى ئەمریکا بەڵکو ئەنجوومەنى نوێنەران لەوێ بڕیاردەدات".

بڕیار رەشید، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى بۆ کەناڵ8ى روونکردەوە"بەشدارى کۆبوونەوەکەى پەرلەمان دەکەن و کەس بڕیارى بایکۆتى نەداوە".

بەگوتەى سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى، ئەو 103 پەرلەمانتارەى واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ دانیشتنەکە، هیچ کوردێکى تێدانییە.

دەشڵێت "تا ئێستا فراکسیۆنە کوردییەکان کۆبوونەوە و گفتوگۆیان نەکردووە بۆ ئەوەى لەم پرسەدا یەک هەڵوێستبن، چونکە ئەم بابەتە لە هۆڵى ئەنجوومەنی نوێنەران لەکۆبوونەوەى یەکەم تەنها خوێندنەوەى بۆ دەکرێت، لە کۆبوونەوەى دووەم، راپۆرت ئامادەدەکرێت و لەکۆبوونەوەى سێیەم، دەنگ لەسەر پێشنیاز و پرۆژە یاساکان دەدرێت".

کەناڵ8

10/02/2024