لە قاهیرەی پایتەختی میسر تانکەرێکی نەوت لە ناوچەیەکی چڕی دانیشتووان وەرگەڕا.
ئاگرێکی گەورەی لێ کەوتەوە و دەیان کەس بوونە قوربانی.
سەرۆککۆماری عێراق پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی میسر کرد.
وەزارەتی تەندروستیی میسر ڕایگەیاند، ڕووداوەکە لە ناوچەیەکی چڕی دانیشتووان، لە قاهیرەی پایتەختی میسر بووە و بەهۆیەوە لانیکەم 31 کەس گیانیان لەدەست داوە.
دیمەنە ڤیدیۆییەکان کە لەلایەن هاووڵاتییانەوە گیراون و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، ئاگرێکی گەورە و دووکەڵێکی چڕ نیشان دەدەن کە لە شوێنی ڕووداوەکە بەرز دەبێتەوە.
میدیا ناوخۆییەکان ڕایانگەیاند: ئاگرەکە بەهۆی وەرگەڕانی تانکەرێکی پڕ لە سووتەمەنییەوە بووە، کە لەسەر ڕێگایەکی خێرا و قەرەباڵغ وەرگەڕاوە.
تەندروستیی میسر ئاماژەی بەوەش کرد: 21 کەس بە برینداری گەیێنراونەتە نەخۆشخانە.
نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق لە پرسەنامەیەکدا گوتی: «بەناوی خۆم و گەلی عێراقەوە پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی دڵسۆزانەمان ئاراستەی سەرۆکی میسر، عەبدولفەتاح سیسی، گەلی میسر و کەسوکار و ئازیزانی قوربانییانی ئەم ڕووداوە دەکەین».
سەرۆککۆماری عێراق: لەم کاتەدا هاودەنگیی عێراق لەگەڵ وڵاتی میسر و گەلە براکەی دووپات دەکەینەوە.
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرەخۆشی ئاراستەی ئەو وڵاتە کردووە و هاوسۆزی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان و بریندارانی ڕووداوەکە دەربڕیوە.
