نەتانیاهوو فشار لە ترەمپ دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران

نەتانیاهوو فشار لە ترەمپ دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران

00:00/00:00

پووختەى ڕاپۆرت

  • ئامانجی نەتانیاهوو لە هێرشکردنە سەر ئێران مانەوەیە لە دەسەڵات.

  • ترەمپ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران دەکات.

  • ئێران: هەموو ئامڕازەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر دەستدرێژییەک بەکاردەهێنین.


فشارەکانی بنیامین نەتانیاهوو لەسەر دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە، بۆ ئەوەی پێش سەری ساڵ هێرش بکەنەوە سەر ئێران.


هەوڵەکانى نەتانیاهوو

  • سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل بە ئامانجی شوێنپێ قایمکردن لە دەسەڵات و ئامانجی سەربازی و ستراتیجی.

  • بە هیوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانە.

  • لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ بە هۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی نیوەخولەوە، بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکات.

ڕاپۆرتە شیکاری و میدیاییەکان چى دەڵێن؟

هەوڵەکانی نەتانیاهوو بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ، پێش سەری ساڵی 2027، بە مەبەستی تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسیی ناوخۆیی و پیکهێنانی حکومەتی فریاگوزارییە، تاوەکو چوار ساڵی دیکە وەک سەرۆکوەزیران بیهێڵێتەوە، ئەمە جگە لە نیگەرانییەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە خێرایی بونیادنانەوەی توانا مووشەکی و سەربازییەکانی ئێران.

تەلئەڤیڤ دەیەوێت پێش ئەوەی دیموکراتەکان کۆنتڕۆڵی کۆنگرێسی ئەمریکا بگرنە دەست لە مانگی کانوونی دووەمی 2027، دەرفەتەکە بقۆزێتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا.

هەرچی ئیدارەکەی ترەمپیشە، لە نێوان دوو بژاردەدا دابەش بوون و پەلە ناکەن لە دەستپێکردنەوەی جەنگ.

بەشێک لە ڕاوێژکارانی کۆشکی سپی دەیانەوێت لە ڕێگەی گەمارۆی دەریایی و سزا ئابوورییەکان بەردەوامبن لە لاوازکردنی ئێران، بەشێکی دیکەش مانەوەی ئەم دۆخی نەجەنگ نەئاشتییە بە شکست بۆ ئیدارەکە لێکدەدەنەوە، سەرۆکی ئەمریکاش تاوەکو دوای سەری ساڵی وەک دوامۆڵەت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران داناوە و دەڵێت: ئەگەر تاوەکو ئەو کاتە نەگەن بە ڕێککەوتن، هێرش دەکەنە سەر ئێران.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە ڕێگەی میدیای ئیسرائیلەوە دزەیان پێکراوە، ئامانجی نەتانیاهوو هێرشێکی ئاسمانیی چڕ و خێرایە، کە چوار بۆ 7 ڕۆژ بخایەنێت، کە ژێرخانی نەوت، پاڵاوگەکان، دەروازەکانی هەناردەکردن و دامەزراوە هەستیارەکانی ئێران بکات بە ئامانج.

لە بەرامبەردا ئێران هەڕەشەى ئەنجامدانی هێرشی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان، وێستگەکانی ئاو و ناوەندەکانی داتا لە وڵاتانی کەنداو و مەترسی دروستکردنی زیاتر بۆ سەر جموجوڵی کەشتیوانی لە گەرووی هوورمز دەکات.

شیکارییەکان باس لەوە دەکەن، ئامانجی سەرەکیی هەر هێرشێکی نوێ، لاوازکردنی تەواو و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئێران دەبێت، لەکاتێکدا ناوەندە هەواڵگری و سەربازییەکانی ئەمریکا و بەشێک لە بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیلیش گومان دەکەن بتوانن تەنیا لەڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە دەسەڵات بڕوخێنرێت.

Loading related news...