عومەر ئاکجاى بیستن و بینینی لەدەست داوە، بەڵام خزمەتی دایکی دەکات.
ئامادە نەبووە دایکی بباتە خانەی بەساڵاچووان.
چیرۆکی عومەر لە تورکیا دەنگی داوەتەوە و وەک هێمای وەفاداری دادەنرێت.
نە دەبینێت و نە دەبیستێت، بەڵام هەموو ڕۆژێک بە دەستەکانی خۆی نان و چا بۆ دایکە 94 ساڵەکەی ئامادە دەکات. کاتێک پێیان گوت دایکت ببە خانەی بەساڵاچووان، بەڵام ڕەتیکردووەتەوە و بە ئاماژەى دەستەکانى گوتوویەتى "کێ لەوێ ئاگاداری دایکم دەبێت؟". ئەمە چیرۆکی عومەر ئاکجاىە.
ئەم پیاوە تەمەنی 63 ساڵە، هەرچەندە بێبەشە لە نیعمەتی بینین و بیستن، بەڵام هەرگیز ئەوەی نەکردووەتە پاساو بۆ دەستبەرداربوون لە خزمەتکردنی دایکە 94 ساڵەکەی.
عومەر لەبەر خۆشەویستیی دایکی، هەموو گۆشە و وردەکارییەکی ناو ماڵەکەی لەبەر کردووە.
بەبێ ئەوەی پێویستی بە کەس بێت، خۆی چێشت لێدەنێت، ماڵەکە پاک دەکاتەوە، جلەکان ڕێک دەخات و سفرە بۆ دایکی دەڕازێنێتەوە.
زمانی هاوبەشی نێوان ئەم کوڕە و دایکە پیرەکەی، تەنیا دەستلێدان و هەستپێکردنە؛ بە بەرکەوتنی دەستەکان لە یەکتری تێدەگەن.
کاتێک پێشنیازیان بۆ کردووە دایکی بباتە خانەی بەساڵاچووان، عومەر ئەو پێشنیازەی ڕەت کردووەتەوە، چونکە بۆچوونی وایە هیچ کەسێک ناتوانێت وەک خۆی ئاگاداری بێت و خۆشەویستیی پێ ببەخشێت.

