
تۆڕە ئابوورییەکە لە ژمارەیەک کەسایەتى و قەوارە لە ئێران و ئیمارات و تورکیا و چین پێکهاتووە.
توندکردنەوەى گەمارۆ ئابوورییەکان یەکێکە لە چەکە ستراتیجییەکانى ئەمریکا لە دژى ئێران.
ئاڵۆزییەکانى گەرووى هورمز و لێدوانى توندى بەرپرسانى هەردوولاش بەردەوامن.
وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا، هەشت کەسایەتى و 22 قەوارەی لە ئێران و ئیمارات و تورکیا و هۆنگ کۆنگ، خستە لیستى سزاکانەوە، تارانیش لە دۆخى نە جەنگ نە ئاشتى نیگەرانە.
16 کۆمپانیا کە بارەگاکانیان لە شارى دوبەیە و لە بوارەکانی بازرگانیی گشتی، وزە، کەرەستەی بیناسازی و پارچەی یەدەگی ئامێرە قورسەکاندا چالاکن، خراونەتە لیستی سزاکانەوە.
هەردوو کۆمپانیای "ئینتێگراڵ پێترۆ ئینێرجی" و "ئێچ ئێن بی" بۆ بازرگانی کە بارەگاکانیان لە دوبەیە، بەدوای یەکدا خرانە لیستی سزاکانی پەیوەست بە ئێران و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە.
کۆمپانیای "بۆغازئیچی"ـی تورکی و کۆمپانیای "گراندیز" لە هۆنگ کۆنگ خرانە لیستی سزاکانەوە.
ڕاگەیێنراوەکەى وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا لە کاتێکدایە سوپای پاسدارانی ئێران خستنەخوارەوەى درۆنێکى ئەمریکى لە جۆرى لۆکاس لە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی گەرووی هورمز، ڕاگەیاند.
هەروەها محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکى پەرلەمانى ئێران ڕایگەیاند، ڕێبەرى باڵاى وڵاتەکەى جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دەبێت دۆخى نە شەڕ نە ئاشتى کۆتایی بێت.
قالیباف گوتیشى "دوژمن دەیەوێت دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتی بسەپێنێت بۆ ماندووکردن و پووکانەوەمان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەشی پێویستە بگەینە ئاستی بەرپەرچدانەوەیەکی بەردەوام".


