زیاتر لە 24 هەزار حاجى لە عێراقەوە گەیشتوونەتە سعودیە

حاجیان لەکاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەج. وێنە: AP
حاجیان لەکاتی بەجێهێنانی فەریزەی حەج. وێنە: AP

دەستەى حەج و عومرەى عێراق رایگەیاند، 24 هەزار و 400 حاجى بە رێگەى ئاسمانى و وشکانىیەوە گەیشتوونەتە سعودیە، دووپاتیشیکردەوە، هەماهەنگییان لەگەڵ بانکى ناوەندی و بانکەکان هەیە بۆ فرۆشتنى دۆلار بە حاجییان بە نرخى فەرمى.

حەسەن فەهد کەنانى، گوتەبێژى دەستەى حەج و عومرە رایگەیاند، لە رێگەى فڕۆکەخانەکانى بەغداد، نەجەف، بەسرە، هەولێر، سلێمانى و کەرکوکەوە بەردەوامن بەڕێکردنى حاجیان بۆ  فڕۆکەخانەى شازادە محەمەد بن عەبدولعەزیز لە شارى مەدینە، لە رێگەى وشکانیشەوە حاجیان لە دەروازەى عەرعەرەوە بۆ سعودیە بەڕێدەکرێن.

گوتیشى، 24 هەزار و 400 حاجى بە رێگەى ئاسمانی و وشکانیی گەیشتوونەتە سعودیە، ئێستا نیوەیان لە شارى مەدینەن و نیوەکەى دیکەشیان دواى زیارەتى پێغەمبەرى ئیسلام گواستراونەتەوە بۆ مەککە.

گوتەبێژى دەستەى حەج و عومرە دووپاتیکردەوە، هەماهەنگییان لەگەڵ بانکى ناوەندی و بانکەکانى رەشید، رافیدەین، بانکى ناسک و بانکى بازرگانیی عێراق هەیە بۆ فرۆشتنى دۆلار بە حاجییان بە نرخى فەرمى.

بۆ حەجى ئەمساڵ 39 هەزار حاجیى عێراقى بەشداریى فەریزەى حەج دەکەن، لەو ژمارەیەش چوار هەزار و 685 حاجییان دانیشتووى هەرێمى کوردستانن.